Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی بەبۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكەی پێشوازیی لە كونسوڵی گشتیی فەڵەستین كرد

ھەولێر-KDP.info- بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی فەڵەستین کرد و لەلای خۆیەوە کونسوڵی فەڵەستین سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پشتگیریکردنی ئەرکەکەی و دەستپێشخەریی پێدانی سکۆڵەرشیپ بە قوتابییانی وڵاتەکەی.

ئەمڕۆ یەکشەممە 20ـی ئەیلوولی 2026، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ماهیر ئەلکەرکی کونسوڵی گشتیی فەڵەستین کرد، بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکە دیپلۆماتییەکەی لە هەرێمی کوردستان. لە دیدارەکەدا، سەرۆکوەزیران، سوپاسی کونسوڵی گشتیی فەڵەستینی کرد بۆ کارکردنی لە پێناو بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

لەلای خۆیەوە، کونسوڵی گشتیی فەڵەستین، سوپاسی هاریکاریی و پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی کرد.

هەر لە دیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی فەڵەستین سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بەخشینی سکۆڵەرشیپ بە قوتابییانی فەڵەستینی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان. هاوکات، پێزانینی خۆشی بۆ هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ خەڵکی فەلەستین دەربڕی.