هه‌ولێر -KDP.info- ڕاوێژكاری بواری ژینگه له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران دەڵێت "لە سەرجەم شوێنە گشتییەکانی شاری هەولێر وێستگەی بارگاویکردن بە وزەی خۆر دادەنرێت، لە قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکەدا شەش شوێن دیاریکراون."
ئه‌ندازیار عه‌بدولڕه‌حمان سدیق، ڕاوێژكاری بواری ژینگه له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی "مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە قوتابخانەی "گڵۆباڵ" لە شاری هەولێر، زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027ـی لێ دا، بەڕێزیان داوای لە قوتابیان کرد ژینگەدۆست بن و ماڵی خۆیان بە خاوێن و پاكی ڕابگرن و قوتابخانەی خۆیان بە خاوێنی ڕابگرن و وڵاتی خۆیان بە خاوێنی ڕابگرن، هەروەها بەڕێزیان گوتی "ئەگەر بزانن گەورەكانیش ڕێز لە ژینگە ناگرن، ئێوە ڕێگەیان پێ مەدەن، ئێوە داهاتووی ئەم وڵاتەن، ئێوە دەتوانن بڕیار بدەن كە داهاتووی ئەم وڵاتە بە چ ئاراستەیەكدا دەڕوات، بۆیە تا دەتوانن ژینگەی وڵاتەكەی خۆتان بپارێزن."
ئه‌ندازیار عه‌بدولڕه‌حمان سدیق گوتیشی "مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە هاوکات سەرۆکی دەستەی ئەمینداریی زانکۆی ئەمریکی کوردستانیشە، لە دهۆک لە ڕێوڕەسمی بەڕێوەچوونی خولی حەوتەمی دەرچووانی زانکۆکە، بەشە ناوخۆیی کوڕانی زانکۆی ئەمریکیی کوردستانی لە دهۆک کردەوە، کە بڕوانامەی نێودەوڵەتیی زێڕینی بەدەستهێناوە وەک یەکەمین پڕۆژە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.
گوتی "ئەم باڵەخانەیە بەتۆمارکردنی 62 خاڵ توانیویەتی بڕوانامەی زێڕینی نێودەوڵەتی لە ئەنجوومەنی بیناسازیی ژینگەدۆستی ئەمریکا وەربگرێت و ببێتە یەکەمین تەلار لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەم متمانە جیهانییە بەدەست بهێنێت.
پڕۆژەی بەشی ناوخۆیی بەجۆرێک نەخشێنراوە کە ژینگەپارێز بێت، 30%ـی ڕووبەری کراوە بە باخچە و سەوزایی، ڕووناکیی ناوەوەی باڵەخانەکە لەڕێگەی بەکارهێنانی سیستەمی وزەی خۆرەوەیە، سیستەمی کۆکردنەوەی ئاوی باران و بەکارهێنانەوەی ئاوی چارەسەرکراوی تێدا پەیڕەو کراوە، ڕێڕەوی تایبەت بە پایسکل و وێستگەی بارگاویکردنەوەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی تێدا دانراوە، لە پاڵ سیستەمی پێشکەوتووی ڕیسایکلین و کۆنترۆڵکردنی ڕووناکیی شەوانە بۆ بنیاتنانی ژینگەیەکی خاوێن و پێشەنگ لە ناوچەکەدا."
ڕاوێژكاری بواری ژینگه له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ڕوونیشی كرده‌وه "لە سەرجەم شوێنە گشتییەکانی شاری هەولێر، وێستگەی بارگاویکردن بە وزەی خۆر دادەنرێن و لە قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکەدا شەش شوێن دیاریکراون، لە هەنگاوێکی نوێ‌دا بۆ خزمەتکردنی خاوەن ئۆتۆمبێلە کارەبایی و هایبرێدەکان، بڕیاردرا لە هەموو شوێنە گشتییەکانی شاری هەولێر، وێستگە بۆ بارگاویکردنـی ئۆتۆمبێلەکان دابنرێت، ئەم وێستگانە بە وزەی خۆر کار دەکەن و کەرتی تایبەت لەڕێگەی تەندەرەوە پڕۆژەکە جێبەجێ دەکات، بەو مەرجەی باشترین جۆری ئامێری بارگاویکردن دابنرێت، ئەم پڕۆژەیە وەک هەوڵێکی گرنگی پاراستنی ژینگە و هاندانی هاووڵاتییان بۆ بەکارهێنانی وزەی پاک لە هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا وێستگەکان بۆ خزمەتی هاووڵاتییان بکەونە گەڕ."
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی تایبه‌ت به پشتێنه‌ی سه‌وزایی لە هەولێر دامەزرا، ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه تازه‌یەش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاره‌وه بۆ باشتر به‌ڕێوه‌چوونی كاره‌كان دامه‌زراوه و كار له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و ماسته‌رپلانه ده‌كات كه بۆ پشتێنه‌ی سه‌وزایی هه‌ولێر دانراوه."
له كۆتاییدا گوتی "پار ڕێزدار مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی پشتێنه‌ی سه‌وزایی هه‌ولێری دانا و ده‌ست به جێبه‌جێكردنی كرا وەک یه‌كێك له پڕۆژه گه‌وره و ستراتیژییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به مه‌به‌ستی زیادكردنی ڕێژه‌ی سه‌وزایی و جوانتركردنی شاری هه‌ولێر كه ئه‌م پشتێنە سەوزاییه وەكوو بازنەیه‌ك بە دەوری شاری هەولێردا دەسووڕێتەوە و كاریگەرییەكی زۆری لەسەر كەشوهەوای سنووره‌كه دەبێت."
بڵند ئیبراهیم