هه‌ولێر -KDP.info- وه‌زیری كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دەڵێت، "كار له‌سه‌ر دوو بابه‌ت بۆ كه‌مئه‌ندامان ده‌كه‌ین، ئه‌وانیش تۆماركردنی ناوی تازه و زیادكردنی مووچه‌كانیانە، كه كه‌مترینیان 250هه‌زار دیناره ده‌بێت."
كوێستان محه‌مه‌د، وه‌زیری كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی "له بودجه‌ی ساڵی داهاتووی عێراق، داوامان كردووه كه‌مئه‌ندامانی نوێ تۆمار بكرێن و مووچه‌یان زیاد بكرێت و هیچ مووچەیەک له 250هه‌زار دینار كه‌متر نه‌بێت، چونكه ئێستا 150هه‌زار دیناره و كه‌مه، لای ئێمه زیاتر له 70هه‌زار كه‌مئه‌ندام تۆمار كراوه، 30هه‌زاریش ماون ببنه خاوه‌ن مووچه."
كوێستان محه‌مه‌د گوتیشی "تۆماركردنی ناوی كه‌مئه‌ندامان له ساڵی 2013وه، له‌كاتی ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌م به‌هۆی هاتنی كۆڕۆنا و به‌رده‌وامی قه‌یرانی دارایی ڕاگیراوە، بۆیه ئێستا چاومان له بودجه‌ی ساڵی نوێیه و پێویسته كاری له‌سه‌ر بكه‌ین و فراكسیۆنه‌كانیش به هه‌مان شێوه داكۆكی له مافه‌كانی كه‌مئه‌ندامان بكه‌ن، ڕێكخراوه‌كانیش به هه‌مان شێوه سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ن و داوای مافی خۆیان بكه‌ن."
کوێستان محه‌مه‌د باسی له‌وه‌ش كرد "زیاتر له 13هه‌زار له‌و 30هه‌زار كه‌مئه‌ندامه‌ی تۆمار نه‌كراون پشكنینیشیان بۆ كراوه، یه‌ك فه‌رمان ماوه ببنه خاوه‌ن مووچه، بۆیه ناوه‌كان ڕه‌وانەی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق كراون، بۆ ئه‌وه‌ی ببنه خاوه‌ن مووچه، بەڵام هێشتا وه‌ڵام نیه، بۆیه چاوه‌ڕێی ڕه‌زامه‌ندی حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی تۆماركردنی ناوی كه‌مئه‌ندامان."
ده‌شڵێت "ئه‌وانه‌ی زۆر پێویستن ئه‌وانه ناویان تۆماركراوه، له‌گه‌ڵ عێراقیش گفتوگۆمان كردووه و سه‌ردانی به‌غداشمان كردووه، به‌جدی كارمان له‌سه‌ر كردووه و به‌رده‌وامیش ده‌بین، ئەگه‌ر ئه‌و 30هه‌زاره تۆمار بكرێت ئه‌وكات هه‌موو كه‌مئه‌ندامان ده‌بنه خاوه‌ن مووچه‌ی خۆیان، چونكه ئه‌وانه‌ی تۆماركراون شه‌ش جۆرن، وه‌كو شه‌له‌ل ده‌ماغ و داون، 17هه‌زاریش ماون، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین ناویان تۆمار بكرێت، مووچه‌كانیشیان به‌پێی ڕێژه‌ی كه‌مئه‌ندامی دیاری ده‌كرێت، كه كه‌مترینیان 250هه‌زار دیناره دەبێت."
بڵند ئیبراهیم