Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری پەروەردە: لە کابینەی نۆیەمدا 310 قوتابخانەی نوێ دروست کراون

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ڕادەستکردنی 36 باڵەخانەی باخچە و قوتابخانەی حکوومی بە وەزارەتی پەروەردە، گوتی، دید و تێڕوانینەکانی سەرۆکوەزیران بۆ پالپشتیکردنی کەرتی پەروەردە زۆر ڕوون و ئاشکرا بووە و پاڵپشتیکردنی پەروەردە یەکێک بووە لە کارە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەم.

وەزیری پەروەردە گوتیشی، بە هەموو لایەکمان توانیومانە ژێرخانی کەرتی پەروەردە کەمێک باشتر بکەین، دەشڵێت، لەم کابینەیە وێڕای هەموو ئەو دۆخە سەختەی هاتووەتە پێش، 310 باڵەخانە تەواو کراوە، 629 ژووری نوێی خوێندن لە ناو ناوەندەکانی خوێندن دروست کراوە، کە کۆی گشتییان دەگاتە 4969 ژوور، وەک لەسەرەتای ئەم کابینەیە بەڵێن درابوو شوێنی نوێ بۆ 125 هەزار قوتابی دروست کراوە.

ئالان حەمە سەعید گوتی،  لە ماوەی 7 ساڵ و 2 مانگی رابردوودا، لە ڕێگەی کابینەی نۆیەم و هاوکاریی سەرمایەدار و بەخشەران و ڕێکخراوەکانەوە، کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ ئەنجام دراون، لەوانە:

-تەواوبوونی 310 باڵەخانەی قوتابخانە.

-دروستکردنی 629 ژووری نوێی خوێندن کە کۆی گشتی 4969 ژوور.

-ڕەخساندنی شوێنی نوێ بۆ نزیکەی 125 هەزار قوتابی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.

-نۆژەنکردنەوەی 3075 قوتابخانە.

-چاپکردنی 19 ملیۆن کتێبی خوێندن و گەیاندنیان بە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بەپێی کات و ستانداردی پێویست.

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەش دا، لە بواری بە دیجیتاڵیکردنی پرۆسەی پەروەردەدا، وەزارەتی پەروەردە چەندین هەنگاوی گرنگی ناوە، لەوانە خستنەڕێی سیستەمی ئی-پەروەردە و پلاتفۆرمی "قوتابخانەکەم"، جگە لە کردنەوەی تاقیگەی داهێنان (Innovation Lab) لە 110 قوتابخانەدا بۆ پەرەپێدانی توانستی قوتابیان.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا باسی لەوەکرد، لە چوارچێوەی ستراتیژیی ڕاهێنانی مامۆستایان، ئەمساڵ 145 هەزار مامۆستا خولی ڕاهێنانیان لە بواری دیجیتال، ژیری دەستکرد، ژینگە و چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ قوتابیانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بینیوە.