هەولێر-KDP.info- مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، هەوڵەکانی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم چڕکراونەتەوە، هاوکات باسی لە تەواوکردنی کابینەی حکوومەتی فیدراڵ و پرسی چەکداماڵینی گرووپە میلیشیاکانیشی کرد.
گوتەبێژی پارتی ئەمڕۆ شەممە 19ـی ئەیلوولی 2026 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دۆخی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە بە گشتی پێویستی بە هەڵوەستەیەکی جددی هەیە، ئەم دۆخەش ئەرکێکی زۆر جددی نەتەوەیی و نیشتمانی دەخاتە سەر ئەستۆی هەموو لایەکمان، بۆیە هەموو لایەنەکان، بە ئەوانەشی کە دروشمی ئۆپۆزسیۆنیان هەڵگرتووە، دەبێت لە دۆخێکی وەهادا هەڵوێستەکانیان لەیەک جیا بکەنەوە.
گوتیشی، ''ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵدەدەین ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و کارا کردنەوەی پەرلەمانی کوردستان هەن، نەیانهێڵین، بۆ ئەمەش گفتوگۆی چڕ لەنێوان هەموو لایەنەکانماندا هەیە، بۆ ئەوەی چارەسەری ئەم بابەتە بکەین.
هەروا ئاماژەیدا، کاراکردنەوەی پەرلەمان پەیوەستە بە ئەنجامی کۆبوونەوە و گفتوگۆکان، تا بزانرێت ڕەوتی گفتوگۆکان بە کوێ دەگات و چ بڕیارێک دەدرێت، بۆیە ناتوانم کاتێک بۆ پێکهێنانی حکوومەت دیاری بکەم، بەڵام ئەوەی هەیە گفتوگۆکان بەردەوامن، هەروەها لیژنەیەکی هاوبەش هەیە بۆ دیراسە و لەسەر چەند پرسێک ڕێککەوتوون، ئەوەی هەیە هەندێک ئاستەنگ هەن ئەویش گفتوگۆیەکی زۆریان لەسەر کراوە، بۆیە لێی دەگەڕێن لیژنەکانی پارتی و یەکێتی گفتوگۆکانیان تەواو بکەن.
لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی، مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''پێشتریش کۆبوونەوە هەبووە و کۆبوونەوەکانیش بەردەوام دەبن، بەڵام ڕەنگە دوور لە چاوی میدیا بووبن، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردووش کۆبوونەوە هەبووە.
لەبارەی پرۆسەی تەواوکاری کابینەی حکوومەتی عێراق، گوتەبێژی پارتی گوتی، ''ئەو یاری و کێشمەکێشە سیاسییەی لە بەغدا هەیە، هۆکاری دوا کەوتنی پرۆسەکە بووە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت دوای گەڕانەوەی عەلی زەیدی لە ئەمریکا، پێکهاتەی کابینەی حکوومەتی نوێی فیدراڵ تەواو بکرێت و کۆتایی پێ بهێنرێت.
لەبارەی پرسی چەکداماڵینی گرووپە میلیشیاکان و دۆخی عێراق، مەحموود محەمەد گوتی، ''بۆ هەموو پرس و گرفتەکان دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دەستوور، چونکە لە دەستووردا یەکلا کراوەتەوە کە دەبێت چەک لە دەستی چ لایەنێک بێت و کێ کۆنترۆڵی چەک دەکات. بۆیە دەبێت پشتیوان بین لەوەی دەستوور وەک ئەوەی هەیە، جێبەجێ بکرێت.
هەروەها لە بارەی دۆخی سیاسی، شەڕ و ململانێکانی ناوچەکە، مەحموود محەمەد ڕایگەیاند، ئێمە لەسەرەتاوە جەختمان کردووەتەوە و لەگەڵ ئەوەدا نین خاکی عێراق بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان بەکاربهێنرێت .