هەولێر-KDP.info- نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕزگاری لە هەولێر، لە ئاگادارییەکی فەرمیدا هۆشداریی تووند دەداتە هاووڵاتییان لە دروستکردنی قەرەباڵغیی نەپێویست و ڕایدەگەیەنێت کە سەردانیکردنی نەخۆش و هێنانی هاوەڵی زیادە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕزگاری لە هەولێر، ڕۆژانە لە بەشەکانی فریاکەوتندا دیمەنی قەرەباڵغییەکی نەگونجاو لەلایەن بەشێک لە هاووڵاتییانەوە دەبینرێت. لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە نەخۆشخانە ناوەندێکی هەستیارە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکان و شوێنی کۆبوونەوە و قەرەباڵغی نییە، بەڵکو تەنیا بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتە لەناکاوەکانە.
نەخۆشخانەکە ڕوونیشی کردووەتەوە کە ڕووکردنی بەلێشاوی هاووڵاتییان بەبێ پێویستی بۆ ناو نەخۆشخانە، نەک تەنیا دەبێتە بەربەست لەبەردەم کارەکانی پزیشکان و ستافی تەندروستی، بەڵکو لە حاڵەتە کتوپڕ و مەترسیدارەکاندا دەبێتە هۆی دروستکردنی ئاستەنگی گەورە لە هاتووچۆ و خاوکردنەوەی پرۆسەی گەیاندنی فریاگوزاری و چارەسەری خێرا بۆ ئەو نەخۆشانەی ژیانیان لە مەترسیدایە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا بە فەرمی جەخت کراوەتەوە، "لە ئێستادا بە بڕیاری فەرمی، سەردانیکردنی نەخۆش و هەبوونی هاوەڵی زیادە لە بەشەکانی فریاکەوتندا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە."
هاوکات نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕزگاری داوا لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی ئەم ڕێنماییانە ببن، بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و تەنیا لە کاتی پێویستیی توند و حاڵەتی فریاگوزاریی لەناکاودا نەخۆش ڕەوانەی فریاکەوتن بکەن، خۆ لە دروستکردنی هەر جۆرە قەرەباڵغییەک بەدوور بگرن کە ببێتە هۆی پەکخستنی کاری پزیشکان و کارمەندانی هێڵی پێشەوەی تەندروستی، هاوکار ببن لە ڕەخساندنی کەشێکی هێمن و لەبار بۆ تیمە پزیشکییەکان، تاوەکو بتوانن بەبێ ئاستەنگ و بە باشترین شێوە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و گیانی نەخۆشەکان ڕزگار بکەن.