Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زیانی سیاسی و ئەدای نێوخۆیی.. ئاڵۆز لە چاکسازیدا

فازڵ میرانی

چەندە بۆ گەلانی وڵاتەکەمان بنووسین و بکەین، چ لە قسەی ڕاستگۆیانە و چ لە کاری پوخت، ئەوە هەر ئەرکمانە و ئەوەیە کە لێمان چاوەڕوان دەکرێت، چونکە کاتێک لە ڕوخساری گەلەکەمان دەڕوانین و ئەوان ئاوێنەی ئێمەن، ڕێز دەبینین، ئەو خواستەشیان دەبینین کە وڵات بەو خێر و چاکەیە شاد بێت کە شایستەیەتی و گەلانی ئێمەش شایستەی ئەو خێرەن.

گەلانی ئێمە ڕەنگە ئاگادار بن، یان زۆربەیان دەزانن کە هۆکاری کۆسپەکانی بەردەم گەیشتن بە کەناری ئارامی، ئەو کەسانەن تۆوی ژەهریان لە خاکی نامۆدا چاند. دەکرێت بیر لەوە بکەنەوە: تۆوچێنێک کە ژەهر لە خاکێکدا سەوز دەکات هیی خۆی نییە، بە زۆرەملێش خاکی خەڵک و ئاوی خەڵک دەبات، کەچی ژەهرەکەشی دەبێت هەر خەڵک بیخۆنەوە!

وەک ئەوەی پیاوێکی بواری یاسام، تەنیا لە بەرگرییەکاندا بەدوای دادپەروەریدا ناگەڕێم، چونکە سەلماندن لە ساختەکاری و دروستکراو بەدەر نییە، بەڵکو داواکارییەکانی دادپەروەری بە هەر بەڵگەیەک دەپێوم، تەنانەت ئەگەر یاساش وەک بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو داینەنابێت، چونکە هەمیشە یاسا لە داڕشتنی دادپەروەریدا سەرکەوتوو نییە.

ئەو کەسەی ژەهری چاندووە، دەزانێت چۆن کەلێنەکانی یاسا بقۆزێتەوە، خۆ ئەگەر پێی نەکرا، پەنا بۆ ئەو خراپەیە دەبات کە لێی شارەزایە و بە ناحەق زۆرداری بەسەر حەقدا دەسەپێنێت. لێرەدا دەڵێم: بەختەوەرانە ئەوەی لە ماوەی 23 ساڵی ڕابردوودا ڕوویدا، هاوکات بوو لەگەڵ تەقینەوەی تەکنەلۆجیای زانیاری چ لە دەستکەوتن و چ لە بڵاوکردنەوەیدا، دەنا ئەگەر خراپەکارییەکانی نێوخۆ هاوشێوەی کارەکانی پێشووان لە سەردەمی دابڕانی زانیاریدا بووایە، لە سایەی تاریکیدا زۆر لە مافەکان ده‌فەوتان.

لە پێشینانی خۆیان هیچ شتێکیان وەرنەگرت بێجگە لە خراپترینی خراپەکانیان و پاشان زیادیان کردە سەر، بۆ چەندین جار پڕۆژەی درۆینە بەسەر ئەم گەلانەدا دووبارە بووەوە کە زۆر لە پڕۆژەکانی پێشوو دەچن: سەرەتایان فریودان، نێوەڕاستیان نائومێدی و کۆتاییەکەشیان خەسارەت بوو.

لە نێوان تۆمەتبارکردنی یەکتر و دەستاودەستکردنی بەرپرسیارێتیی دۆڕان، چەندین نەوەی گەلەکەمان تەمەنیان بەسەرچوو، بارودۆخەکەش گەیشتە ئاستێک کە ئەو گفتوگۆیانەی مێژوو دەگێڕنەوە، بە هەموو نهێنییەکانیانەوە، ئیتر بۆ زۆر کەس بوژێنەرەوە و هۆشیارکەرەوە نین بۆ ئەوەی پەند و وانە وەربگرن تاوەکو هەڵە و گوناهەکان دووبارە نەبنەوە.

بە پێگەی یاسایی خۆم، دەڵێم: زۆربەی دۆسیەکانی ئێستا و داهاتووی گەلەکەمان، مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت، مەگەر بە شێواز و ناوەڕۆکێک نەبێت کە لە پەرتەوازەیی بیر و سەرلێشێواویی بۆچوون دەچێت. وادیارە زۆر لەوانەی سەرقاڵی بڕیاردانن، لە قەبارەی مەترسییەکانی هەڵە لە سیاسەتی دەرەوەدا تێناگەن، پێویستیش ناکات باس لە شێواز و ناوەڕۆکی مامەڵە لە سیاسەتی نێوخۆدا بکەین، یان باسی ئەو دەرئەنجامە بکەین کە هەردوو ئەداکە (تێکەڵ بن یاخود جیاواز) لەسەر ناوبانگ لە نێوخۆ و دەرەوەدا دروستیان کردووە، واز لە پاشکۆیەتییەکی ئاشکراش بهێنن بۆ میدیای بەکرێگیراو، نەک میدیای هۆشیار و بەشەرەف.

چارەسەرەکانیش بۆ ئاڵۆزیی دۆخەکە، وەک ئەو ژەمە دەرمانانەن کە کاریگەرییان بەسەرچووە بەرانبەر بە نەخۆشییەک کە زۆربەی ئەندامە سەرەکییەکانی لەشی دادڕیوە.

پرسی ئێمە پێویستی بە ئازایەتییەکی بێ زانست نییە، پێویستیشی بە زانستێکی بێ تێگەیشتن نییە.

ئەوەی دەیەوێت نەخۆشییەکە بە دروستی دەستنیشان بکات، دەستنیشانکردنەکە داواکراوە، بەڵام بێسوودە ئەگەر چارەسەرێکی کارای لەسەر دەستی کەسێکی پسپۆڕ لەگەڵدا نەبێت.

بارودۆخی گەلانی وڵات لە نێوخۆدا، هەروەها تەواوی وڵات وەک قەوارەیەکی سیاسی، لەلایەن هەندێک کەسەوە وەکوو موڵکی تایبەتی تێگەیشتنی بۆ دەکرێت، تەنانەت ئەمەش ڕەوا نییە ئەگەر بە ئەنقەست ڕەفتار بە موڵکەکەوە بکرێت و زیان بەدوای خۆیدا بهێنێت.

چاودێرێکی ژیر ئەگەر لە تاوانە نوێیەکان ڕابمێنێت، دەبێت هێڵێک بکێشێت کە نەک تەنیا لەسەر پاڵنەر بوەستێت، بەڵکوو لەسەر ئەو هۆکارانەش بوەستێت کە پاڵنەرەکەیان دروست کردووە، هەر کاتێک ئەوانە چارەسەر کران، بابەتەکان ڕوون دەبنەوە پێش ئەوەی بگاتە کۆتاییەکان، تاوەکوو تاوانباری ڕاستەقینە دەربکەوێت نەک تاوانباری ناچارکراو.

وڵاتێک کە گەلەکەی دەبینن و دەبیستن لەبارەی گەشەکردنی خراپە: لە نەخوێندەواری، نەزانین، هەژاری، هەژارکردن، تەشەنەسەندنی فرۆشتن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، ساختەکردنی بەڵگەنامە و ناسنامە فەرمییەکان، دەستبەسەرداگرتن و زەوتکردن، هاوشانی تاوانەکانی دیکە کە دەست بۆ ژیانی نەوەکانی ئێستا و داهاتوو دەبەن، بێ ئەوەی بەدوای پاڵنەرەکان و دروستکەرانی پاڵنەرەکاندا بگەڕێن، ئینجا پەردەپۆشکردنی بابەتەکان لە ترسان، لە تەماحداری، لە دەستەوەستانیدا یان لە نەزانینەوە، خۆی لە خۆیدا تاوانێکە بەرانبەر بە ئەلفوبێی بەرپرسیارێتی.

پێداچوونەوە بە تەواوی کێشە چارەنووسسازەکانی وڵاتدا بکەن لە ماوەی نێوان ساڵی 2003 تاوەکوو ئەمڕۆ، هاوکات پێداچوونەوە بەو چارەسەرانەشدا بکەن کە هەندێک کەسی نێو دەسەڵات، هەر یەکە و بەپێی سەردەمی خۆی پێشکەشی کردووە، دەبینن کە ئەو چارەسەرانە تەنیا سامانیان بەهەدەر داوە و ئازارەکانیان قووڵتر کردووەتەوە، بێ ئەوەی ئەنجامدەرانیشیان ڕووبەڕووی لێپرسینەوە ببنەوە.

ڕەحمەتی خوای لێ بێت ئیبن زەیدوونی شاعیر، کاتێک بۆ هۆشداریدان بە نەیارەکەی لە نەزانیی دەعواکارانی پزیشکی دەیگوت:

(یُبادِرُ بِالكَیِّ قَبل الضمادِ ویُسعِط بِالسَمِّ لا بِالحُضض)

(برینەکە دەسووتێنێت لەکاتێکدا پێویستی بە برینپێچە، (حوزەز) کە ڕووەکێکی چارەسەرکارە فەرامۆشی دەکات و ژەهر دەخاتە لووتی نەخۆشەکەوە).

 

به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان