Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە سنووری ڕانیە و قەڵادزێ یادی ٦٥ ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەرز ڕاگیرا

ڕانیە-KDP.info- بە بۆنەی ٦٥ ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، بە هەماهەنگیی لقی ١١ـی پارتی و دەزگای ئەیلوول و گوڵان، کۆڕێک بۆ کرمانج عزەت، بەرپرسی لقی ١١ ڕێکخرا. لە کۆڕەکەدا، بەرپرسی لقی ١١ ڕایگەیاند کە شۆڕشی ئەیلوول تەنها بزووتنەوەیەک نەبووە دژی ستەم، بەڵکوو قوتابخانەی بەرخودان، متمانەبەخۆبوون و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی بووە.

بە ئامادەبوونی کرمانج عزەت، بەرپرسی لقی ١١ـی پارتی دیموکراتی کوردستان و قادر قادر بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان، هەڤاڵانی دەستەی کارگێڕی لق، بەرپرسی لیژنە ناوچەکان، فەرماندە سەربازییەکان، ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگەکانی ئەیلوول و کادیرانی پارتی، بە هەماهەنگی لقی ١١ـی پارتی و دەزگای ئەیلوول و گوڵان ـ ڕانیە و قەڵادزێ، لە هۆڵی بارەگای لقی ١١، کۆڕێک بە بۆنەی یادی ٦٥ ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بۆ کرمانج عزەت بەرپرسی لقی ١١، ڕێکخرا.

لە مەڕاسیمەکەدا کرمانج عزەت، بەرپرسی لقی ١١، تیشکی خستەسەر مێژوو و قۆناغە جیاوازەکانی هەڵگیرسان و بەردەوامبوونی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانی نەمر.

بەرپرسی لق، جەختی لەوە کردەوە کە شۆڕشی ئەیلوول تەنها شۆڕشێک لە دژی ستەم و زوڵم نەبوو، بەڵکوو قوتابخانەیەکی گەورەی بەرخودان، متمانەبەخۆبوون و پاراستنی ناسنامە و مافە نەتەوەییەکان بوو، شۆڕشێک کە هەستی بڕوا و متمانەبەخۆبوونی لە ناخی هەموو تاکێکی کوردستاندا چاند و بووە وانەیەکی مێژوویی بۆ نەترسان لە زوڵم و ستەم و داگیرکاری و نادادپەروەری.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، کە ڕێککەوتنامەی مێژوویی ١١ی ئادار یەکێک بووە لە گرنگترین دەستکەوتە سیاسییەکانی شۆڕشی ئەیلوول، ڕێککەوتنێک کە لە ئەنجامدا حکوومەتی ئەوکاتی عێراق ناچار بوو دان بە بەشێک لە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورددا بنێت. هاوکات شۆڕشی ئەیلوول، یادکردنەوەیەکە لە خوێن و قوربانی و بەرخودان و هیوا، یادێک کە مێژوو هەرگیز لەبیر ناکات و وانەکانی بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازێتەوە.