Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لەسەر ئەرکی لقی ٣ پەیکەری شەھیدی قەڵەم (مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی) لە کەرکووک نۆژەن کرایەوە

کەرکووک-KDP.info- لەسەر ئەرکی لقی ٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا لە شەقامی کۆماریی کەرکووک، پەیکەری نۆژەنکراوەی مێژوونووس و نووسەری دیاری کورد، شەهید مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی دەستنیشان و پەردەی لەسەر لادرا.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٥ـی ٩ـی ٢٠٢٦، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کەسایەتییەکان، ڕۆشنبیرانی کەرکووک و بنەماڵە و کەسوکاری شەھیدی تێکۆشەر، پەیکەری گەورە مێژوونووس و ڕووناکبیر کورد (مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی) لە شەقامی کۆماری نۆژەن کرایەوە، کارەکانی نۆژەنکردنەوەی ئەم پەیکەرە، لەسەر ئەرکی لقی ٣ـی پارتی دیموکراتی کوردستان جێبەجێ کران.

شەھید مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی، کە لە ١ـی کانوونی دووەمی ١٩١٣ لە ناحیەی قەرەحەسەن لەدایک بووە، یەکێکە لە مێژوونووس، نووسەر، وەرگێڕ و لێکۆڵەرە بەتوانا و شارەزاکانی کوردستان.

ناوبراو لەپای ھەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییەکانی، لە ماوەی ژیانیدا دوو جار زیندانی کراوە و بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق دوورخراوەتەوە. دواجاریش لە ٢٦ـی ئاداری ٢٠٠١، لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا لە شاری بەغدا بە شێوەیەکی دڕندانە تیرۆر کرا و لەپای مێژووە پڕ سەروەرییەکەی، نازناوی (شەھیدی قەڵەم)ـی پێ بەخشرا.