Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گەنجان بۆ KDP.info: پێزانینی خۆمان دەگەیەنینە مەسروور بارزانی کە بە کردار گەشەی بە ناوچەکەمان دا

سۆران-KDP.info- دانیشتووانی گوند و قەزا جیاوازەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە ڕێی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، پێزانینی خۆیان دەگەیەننە ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و جەخت دەکەنەوە کە بە هۆی بڕیارە ستراتیژییەکەی بۆ بە ئیدارەکردنی سۆران، پڕۆژەکان نەک تەنیا لە سەنتەری شار و قەزاکان، بەڵکو گەیەندراونەتە گوند و ناوچە دووردەستەکانیش.

ئاڵا تاهیر، هاووڵاتییەکی قەزای ڕواندزە و دڵخۆشیی خۆی بەو گۆڕانکارییانە دەردەبڕێت کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا هاتۆتە ئاراوە، ئەو بۆ KDP.info گوتی، ''وەک دانیشتوویەکی قەزای ڕواندز، خۆشحاڵم بەو پڕۆژە و گۆڕانکارییانەی هاتوونەتە کایەوە. دوای بەئیدارەبوونی سۆران و فراوانبوونی دەڤەرەکە، ناوچە گەشتیارییەکانی ڕواندز گەشەسەندنێکی بەرچاویان بەخۆیەوە بینی و دەرفەتی کاری زۆر بۆ سەدان گەنجی قەزاکە ڕەخسا. سەرۆکی حکوومەت بە کردار گەشەی بە ئیدارەی سۆران دا، بەتایبەت لە ڕێی پڕۆژەی ماستەرپلانی گەشتیاری، کۆڕنیشی کاولۆکان، نوێکردنەوەی دیزاینی هاوینەهەوارەکانی بێخاڵ و گەلی عەلی بەگ، نۆژەنکردنەوەی جوندیان، فراوانکردنی هەوارگەی شنگلبانە، دروستکردنی هۆتێل ڕادیسۆن لە کۆڕەک و پەرەدان بە ژێرخانی ڕێگەوبان.

ئاڵا ئاماژەی بەوەش کرد کە دانیشتووانی ڕواندز پشتیوانیی خۆیان بۆ هەوڵەکانی سەرۆکی حکوومەت دووپات دەکەنەوە بۆ ئەوەی ڕواندز لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا زیاتر بناسرێت و ببێتە یەکێک لە ناوەندە گەشاوەکانی گەشتوگوزار و ئابووری لە کوردستاندا.

هاوکات ئەبوبەکر جەرجیس، هاووڵاتییەکی تری ئیدارەی سۆران و خەڵکی گوندی بادلیانە، دەڵێت، ''بڕیاری سەرۆکی حکوومەت بۆ بە ئیدارەکردنی سۆران، ناوچەکەی بردە قۆناغێکی نوێی گەشەپێدانەوە. پڕۆژەکانی ڕێگەوبان، ڕووناککردنەوە، تۆڕەکانی ئاوی خواردنەوە، جوانکردنی سیمای شار، شەقامی ٤٠ مەتری، بەرزەپردی دەروازەی سۆران و دووسایدی سپیلک-خەلیفان، لە گرنگترین پڕۆژەکانی ئەم دواییانە بوون.

سەبارەت بە گوندەکەی خۆشیان گوتی، ''پڕۆژەی ئاوی بادلیان-دێلزیان بەشێکی زۆری تەواو کراوە و بەم زوانە دەخرێتە خزمەت دانیشتووانی گوندەکان، بەمەش کێشەی کەمئاوی چەندین ساڵەی ناوچەکە چارەسەر دەبێت. بڕیاری بەئیدارەکردنی سۆران لە ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە باشترین بڕیار بوو.

هەر لەوبارەیەوە، شاناز مەزهەر، هاووڵاتییەکی تری ئیدارەی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی KDP.info دوا و گوتی، ''بڕیاری سەرۆکی حکوومەت، وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئیداری و گەیاندنی ڕاستەوخۆی خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتییان. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، سۆران لە بوارەکانی ئیدارە، ئابووری، ئاو و ئاوەڕۆ، ڕێگەوبان، پەروەردە و تەندروستیدا گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ژینگەیەکی لەباری بۆ وەبەرهێنان ڕەخساندووە.

جێی ئاماژەیە، لە ڕێکەوتی ١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢١، بە بڕیارێکی ستراتیژیی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڤەری سۆران وەک ئیدارەیەکی سەربەخۆ ناسێنرا و بڕیارەکە بووە وەرچەرخانێکی ڕیشەیی لە پێناو گەشەپێدانی بنەڕەتیی ژێرخان و بووژاندنەوەی ئابووریی ناوچەکەدا.

 

ئەژین غەفار