Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیوا تاریق وردەکاریی پڕۆژەی چاکسازی و نوێکردنەوەی پۆلیسی خستەڕوو

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆژەی چاکسازی و نوێکردنەوەی پۆلیسی ھەرێم لەسەر بنەمای ٢٠ خاڵی سەرەکی داڕێژراوە و ئامانج لێی ڕێکخستنەوەی پۆلیسە لەسەر سیستەمێکی سەردەمیانە.

ئەمڕۆ دووشەممە، ١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بەڕێز لیوا تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ھەرێمی کوردستان، لە ھۆڵی کۆبوونەوەی بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیس، لەگەڵ ئەفسەران و کارمەندانی بارەگا کۆبووەوە و تەوەرەکانی پڕۆژەکەی بە وردی بۆ ڕوون کردنەوە.

لیوا تاریق ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە، نوێکردنەوە و ڕێکخستنەوەی پۆلیسی نیشتمانیی کوردستانە لەسەر بنەمای سیستەمێکی سەردەمیانە کە لەگەڵ سیستەمی یاسایی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆدا بگونجێت.

جەختیشی کردەوە کە چاکسازییەکە تەنیا ھەیکەل و پێکھاتە ناگرێتەوە، بەڵکو خوێندن و ڕاھێنان، دابەشکردنی ھێز، پەرەپێدانی تواناکان، دیجیتاڵکردنی پرۆسەکانی کار و گۆڕینی کلتووری کاری پۆلیسیش دەگرێتەوە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ڕۆڵ و پاڵپشتیی بەردەوامی ڕێزدار وەزیری ناوخۆ لە ئاراستەکردن و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی لە ڕیزەکانی پۆلیسدا بەرز ھەڵسەنگێندرا.