Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ كاربه‌ڕێكه‌رى نوێى باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ده‌كات

ھەولێر-KDP. info-  نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2026/9/14، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز باڵیۆز ستیڤن فه‌یگن، كاربه‌ڕێكه‌رى نوێى كاروباری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، پیرۆزبایی‌ لێكرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی له‌ ئه‌ركه‌ نوێیەکەیدا بۆ خواست، هه‌روه‌ها ئامادەییی تەواوی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانى و سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى، دووپات کردەوە.

له‌ دیداره‌كه‌دا په‌یوه‌ندییەکانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا، په‌ره‌پێدانی هاریكاریی هاوبه‌ش له‌ بوارە جیاوازەکاندا، دۆخی ناوخۆی عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا و گرنگیی چارەسەرکردنی كێشه‌کان له‌ ڕێگەی دیالۆگەوە، تاوتوێ كران.

به‌ڕێز کاربەڕێکەری نوێی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا پێزانینی بۆ ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکەدا دەربڕی و جەختی لەسەر گرنگیی سەقامگیری و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا کردەوه‌.

پشتگیرى له‌ حكوومه‌تى فیدراڵى عێراق و گرنگیى بوونى چه‌ك به‌ ته‌نیا له‌ ده‌ستى ده‌وڵه‌تدا، دۆخى ناوخۆ و گرنگیى ته‌بایى و كۆده‌نگى له‌ هه‌رێمى كوردستان و دوایین پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌، ته‌وه‌رێکی دیکەی دیدارەکە بوو.