هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بۆ ڕێگریکردن لە تاوان و ئاشکراکردنی تۆمەتباران پشت بە تەکنەلۆژیای نوێ و بەڵگەی زانستی دەبەستن، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە هاوکاریی هاووڵاتییان و هەماهەنگیی هێزە ئەمنییەکان کۆڵەکەی سەرەکیی پاراستنی سەقامگیری و چەسپاندنی سەروەریی یاسان.
عەمید کامل بەرزنجی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، هێزەکانی پۆلیس بەردەوام کار بۆ پاراستنی سەر و سامانی هاووڵاتیان و سەقامگیریی دۆخی ئەمنی دەکەن، ئامانجی سەرەکیی ئێمەش ئەوەیە کە پێش ڕوودانی تاوان، ڕێگری لێ بکەین و هەروەها لە کاتی ڕوودانی هەر پێشێلکارییەکیشدا بە خێرایی و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکەین.
سەبارەت بە دەستگیرکردنی تۆمەتبار و تاوانباران و ڕێکارەکانی کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوان، عەمید کامل ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، هێزەکانی پۆلیس بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی هاووڵاتیان و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنی و یاساییەکان، بەردەوام بەدوای تۆمەتباراندا دەگەڕێن و ئەوانەی دەستیان لە پێشێلکاری و تاوان هەیە دەیانخەینە بەردەم دادگا، بەو مەرجەی هەموو هەنگاوەکان لە چوارچێوەی یاسادا بن.
بەرزنجی لەبارەی گرنگیی هاوکاریی هاووڵاتیان لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس، ئەوە دەخاتە ڕوو، هاوکاریی هاووڵاتیان بنەمایەکی گرنگی پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگەیە، بۆیە ئاگادارکردنەوەی پۆلیس لە هەر حاڵەتێکی گومانلێکراو و هاوکاری لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لە تاوان و پاراستنی ئارامی.
پەیوەست بە هەنگاوەکانیان بۆ بەهێزکردنی متمانەی نێوان پۆلیس و هاووڵاتیان، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕوونی دەکاتەوە، هەوڵ دەدەین پۆلیس زیاتر لە کۆمەڵگە نزیک ببێتەوە و گوێ لە سکاڵا و پێداویستییەکانی هاووڵاتیان بگرێت، چونکە مامەڵەکردن لەگەڵ هاووڵاتی بە ڕێز و بەرپرسیارێتییەوە و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، ڕێگەی سەرەکیی بنیاتنانی ئەو متمانەیەیە.
عەمید کامل، سەبارەت بە بەردەوامیی پرۆسەی چاکسازی لە ڕیزەکانی پۆلیسدا، دووپاتی دەکاتەوە، چاکسازی بەشێکی گرنگی بەرنامەی کارەکانمانە، ئێمە بایەخی زۆر بە پەرەپێدانی توانای ئەفسەر و ئەندامانی پۆلیس، فێرکردن و بەکارهێنانی شێواز و تەکنیکە نوێکانی کار دەدەین، بەتایبەتی لە بواری لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی تاوان.
لە بواری لێکۆڵینەوەی تاواندا، کە تا چەند پشت بە شێوازی زانستی دەبەستن، بەرزنجی گوتی، لێکۆڵینەوەی نوێ نابێ تەنیا پشت بە شێوازە کۆنەکان ببەستێت، بەکارهێنانی بەڵگەی زانستی و توانای پسپۆڕان لە بواری بەڵگەی تاوان، لێکۆڵینەوە و تەکنەلۆژیا، یارمەتیدەرن بۆ گەیشتن بە ڕاستیی ڕووداوەکان و ناسینەوەی تۆمەتباران.
لەبارەی هەماهەنگیی پۆلیس لەگەڵ دەزگا ئەمنی و یاساییەکانیش، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاماژەی دا،
هەماهەنگیی نێوان دامەزراوە ئەمنی و یاساییەکان لە ئاستێکی بەرزدایە، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ پاراستنی ئارامی و چەسپاندنی سەروەریی یاسا، لەو ڕوانگەیەشەوە پۆلیسی هەولێر بەردەوام لە هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیارییە لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکاندا، بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی، مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا بکرێت.
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر جەختیش دەکاتەوە، ئەرکی پۆلیس تەنیا دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتباران نییە، بەڵکو پاراستنی مافی هەموو هاووڵاتیانیشە، بۆیە هەموو هەنگاوەکان دەبێ لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە فەرمییەکاندا بن و مافی مرۆڤ بپارێزرێت.
ئومێد بابان