سۆران-KDP.info- لە ڕێکەوتی ١٤ـی ئەیلوولی ٢٠٢١، بە بڕیارێکی ستراتیژیی ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڤەری سۆران وەک ئیدارەیەکی سەربەخۆ ناسێنرا. ئەم بڕیارە بووە وەرچەرخانێکی ڕیشەیی لە پێناو گەشەپێدانی بنەڕەتیی ژێرخان، بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان، و بووژاندنەوەی ئابووریی ناوچەکە. لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردووی کارگێڕیی ئەم ئیدارەیەدا، دەستکەوتی بەرچاو و مێژوویی لە سەرجەم سێکتەرەکاندا بەدەست هاتوون.
پەیوەست بەو بڕیارە گرینگەوە هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "بڕیاری بەئیدارەکردنی سۆران وەک ئیدارەیەکی سەربەخۆ لەلایەن ڕێزدار مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، وەرچەرخانێکی ستراتیژی و ڕیشەیی لە سەرجەم کەرتەکانی ژێرخان و خزمەتگوزاریی دەڤەرەکە دروست کرد."
هەڵگورد شێخ نەجیب گوتیشی، "بە جێبەجێکردنی دەیان تۆڕی ڕێگەوبانی سەرەکی و ناوخۆیی ڕێگەی شادەماری بەستنەوەی قەزا و ناحیەکان دروست کراون و ئاسانکارییەکی گەورە لە هاتووچۆدا دروست بووە و ڕووداوەکان کەم بوونەتەوە. لەلایەکی تر، دەڤەرەکە بووەتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی گەشتوگوزار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، ئەوەش بەهۆی پەرەپێدانی شوێنە گەشتیارییەکان و ئەنجامدانی پڕۆژەی نوێ و ڕاگەیاندنی ماستەرپلانی گەشتیاری ئیدارەی سۆران کە لەلایەن خودی جەنابی سەرۆکوەزیرانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، ئەم جوڵە بەردەوامەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت، دەرفەتێکی زۆری کارکردنی بۆ گەنجان و کارئاسانیی گەورەی بۆ ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان ڕەخساندووە."

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، تیشکی خستەسەر دروسبوونی قەزا و ناحیەی نوێ و فراوانبوونی نەخشەی ئیداری سۆران، گوتیشی، " بەئیدارەکردنی سۆران وایکرد چەندین ناحیە پلەی ئیدارییان بەرزبکرێتەوە بۆ قەزا (وەک بەقەزاکردنی سیدەکان، خەلیفان) و چەندین گوندیش کرانە ناحیە، وەک سرێشمە و کانیەڕەش کە ئەمەش سێکتەری ئیداری ناوچەکەی بە تەواوی سەربەخۆ و بەهێز کرد. لەگەڵ ئەوەشدا ٧ بەڕێوەبەراتی گشتی هێنرانە کایەوە و بۆ یەکەمجار بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سەرجەم وەزارەتەکان و کەرتە خزمەتگوزارییەکان (وەک شارەوانییەکان، پەروەردە، تەندروستی، ڕێگەوبان، گەشتوگوزار، ئاو و کارەبا، کشتوکاڵ) لە سەنتەری ئیدارەی سۆران دامەزران و دەسەڵاتی تەواویان پێبەخشرا. گرنگترین دەستکەوتی ئەو گۆڕانکارییە ئیدارییانەش بۆ هاووڵاتییان نەهێشتنی ڕۆتینی ئیداری و کەمکردنەوەی بارگرانی کات و خەرجی دارایی بوو، چونکە پێشتر بۆ ڕایی کردنی مامەڵە فەرمییەکان مەودایەکی دووریان بەرەو سەنتەری پارێزگای هەولێر دەبڕی، بەڵام ئێستا سەرجەم مامەڵەکان لەناو ئیدارەی سۆران ئەنجام دەدرێن."

پەیوەست بە پڕۆژەکان، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران گوتی، "پڕۆژەکان گۆڕانکاری ڕیشەیییان لە خزمەتگوزاری و پێشخستنی سۆراندا بەدیهێناوە. کۆمەڵێک پڕۆژەی گەورەی ئاو، ڕێگەوبان و گەشتیاری جێبەجێ کراون. لە کەرتی ڕێگەوباندا، پڕۆژەی دووسایدی سپیلک - خەلیفان و نۆژەنکردنەوەی ڕێگە سەرەکییەکانی نێوان قەزاکانی سۆران، چۆمان، ڕواندز، مێرگەسۆر و سیدەکان لە پڕۆژە ستراتیژییەکانن. بەرزە پردی دەروازەی سۆران و شەقامی ٤٠ مەتریش لە نوێترین پڕۆژە کراوەکانن. لە کەرتی ئاودا، پڕۆژەکانی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە سەنتەری سۆران و قەزا و ناحیەکان، هەروەها دروستکردنی پۆندی بچووک بۆ کۆکردنەوەی ئاو، ڕێگرییان لە کێشەی کەمی ئاو کردووە. دروستکردنی کۆرنیش و ڕێڕەوی گەشتیاری لەسەر ڕووبارەکان، ڕێکخستنەوەی سەرچاوە گەشتیارییەکانی وەک جوندیان و بێخاڵ، و گەشەپێدانی ناوچە شاخاوییەکان بۆ گەشتیاری زستانە، شێوازی سیمای ناوچەکەیان بە تەواوی گۆڕیوە گەشەی بە کەرتی گەشتیاری داوە. بەگشتیش ١٤١٤ پرۆژە لە ماوەی بە ئیدارەبوونی سۆران خرانەتە خزمەتی هاووڵاتیانی ئەم دەڤەرە."

لە كۆتایی لێدوانەكەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP.info)، هەڵگورد شێخ نەجیب (سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران) ئاماژەی بەوە دا کە بڕیاری بەئیدارەکردنی سۆران، وەرچەرخانێکی ستراتیژی و بنەڕەتی بووە. ئەم هەنگاوە نەک هەر سیمای شارسازی و خزمەتگوزاریی ناوچەکەی گۆڕیوە، بەڵکو بونیادێکی بەهێزی ئابووری و ئیداریی دروست کردووە کە خزمەتێکی بەرچاو و بەردەوام بە خەڵکی دەڤەرەکە دەگەیەنێت.
ئەژین غەفار