Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زاگرۆس فەتاح لە دھۆک: بەھێزکردنی ژێرخانی کارگێڕی و دارایی ئۆرگانەکان ئامانجی سەرەکیمانە

دھۆک-KDP.info- ​لە چوارچێوەی ئەرک و کارە ڕێکخراوەییەکانی بەشی کارگێڕی و دارایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، زاگرۆس فەتاح، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی کارگێڕی و دارایی مەکتەبی سیاسی، بە ھاوڕێیەتیی تیمێکی پسپۆڕ، سەردانی بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دھۆک و لقی ١ی تێکۆشەری کرد.

​لە سەرەتای سەردانەکەدا، لە بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دھۆک، لەلایەن سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن و ھەڤاڵانی یاریدەدەر و تیمی مەکتەبەکەوە پێشوازییەکی گەرم لە شاندەکە کرا، دواتر لە کۆبوونەوەیەکی بەرھەمداردا، گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی پێشخستنی کاروبارە کارگێڕی و داراییەکانی ناوچەکە کرا.

​لە بەشێکی تری بەرنامەی سەردانەکەدا، زاگرۆس فەتاح و شاندی ھاوڕێی سەردانی بارەگای لقی ١ی تێکۆشەریان کرد و لەلایەن د. نەوزاد عەبدوڵڵا، بەرپرسی لق و کارگێڕانی لقەوە پێشوازییان لێکرا. پاشان کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی حزبی و دارایی لەگەڵ بەرپرسی ناوچەکانی سنووری لقی ١ و کارگێڕانی دارایی بەڕێوەچوو، کە تێیدا لە نزیکەوە گوێ لە ڕا، سەرنج، تێبینی و پێداویستییە داراییەکانی ئەندامان و سەرجەم ئۆرگانەکانی سنوورەکە گیرا.

​تەوەرێکی سەرەکی و گرنگی سەردانەکە بریتی بوو لە کردنەوەی خولێکی تایبەتی کارگێڕی و دارایی لەلایەن تیمی پسپۆڕی بەشی کارگێڕی و دارایی مەکتەبی سیاسی. خولەکە تایبەت کرابوو بە بەرپرسی دارایی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگا، کارگێڕانی لق، بەرپرسی ناوچەکان و کارگێڕانی دارایی لیژنەی ناوچەکان، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی کارامەیی و ڕێکخستنەوەی وردتری کاروباری دارایی و کارگێڕی ئۆرگانەکانی حزب لە سنوورەکەدا.