باڵەکایەتی-KDP.info- ڕێکخراوی نەوەکانی ئەیلوول لە باڵەکایەتیی سنووری قەزای چۆمان، بەردەوامە لە کارکردن بە ئامانجی ناساندن، پاراستن و نۆژەنکردنەوەی شوێنەواری بنکە و بارەگاکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە دەڤەرەکە. لەم چوارچێوەیەدا، بەرپرسی ڕێکخراوەکە زانیاری زیاتر لەسەر کار و پلانەکانی داهاتوویان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەخاتە ڕوو.
لەو بارەیەوە هونەر کاک ئەحمەد، بەرپرسی ڕێکخراوی نەوەکانی ئەیلوول لە باڵەکایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "ڕێکخراوەکەمان لە ١٥ی نیسانی ٢٠١٧ دامەزراوە، بە ئامانجی زیندووهێشتنەوەی مێژووی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە ڕێگەی ناساندن، پاراستن و نۆژەنکردنەوەی شوێنەواری بنکە و بارەگاکانی شۆڕش لە دەڤەری باڵەکایەتی. هەروەها ئامانجمان دروستکردنی پەیوەندی و هەماهەنگییە بۆ بەشداری لە کار و چالاکییەکانی دیکە لە شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستان، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە شۆڕش و خەباتی کۆڵنەدانی کوردایەتی.

سەبارەت بەو شوێنانەی تا ئێستا نۆژەن کراونەتەوە و پلانەکانی داهاتوو، بەرپرسی ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کرد، "لە ماوەی کارکردنماندا دیارترین ئەو پێگه و شوێنانەی نۆژەنکراونەتەوە بریتین لە، بارەگای بارزانی نەمر لە حاجی ئۆمەران، ئەشکەوتی سەردێمان لە ناحیەی قەسرێ، نانەواخانەی شۆڕشی ئەیلوول لە کوسپێ سپی، و دانانی مۆنۆمێنتی وەفایەک بۆ ئەیلوول لە پردی بنکێلان.
زیاتر گوتی، "بە دڵنیاییەوە لە هەنگاو و قۆناغەکانی داهاتوودا بە پلان و بەرنامەی نوێ بەردەوام دەبین لە نۆژەنکردنەوەی پێگە و بارەگاکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە سنوورەکەمان. بۆ ئەم مەبەستەش جیاوازتر لە ڕابردوو، وردەکاریی زیاتر لە ڕووی ناوەرۆکی کارەکان لەبەرچاو دەگیرێت و کاریان لەسەر دەکرێت.

محەمەد حاجی