هەولێر-KDP.info- ناوەندی گەنجان، کە لەسەر دەستی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە، لە ماوەیەکی کورتدا بووەتە شوێنێکی سەرەکی و ستراتیژی بۆ فێربوون و پەرەپێدانی تواناکانی لاوان. ناوەندەکە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا پێشوازی لە ٣٠٠ هەزار سەردانیکەر کردووە و زیاتر لە ١٨٠٠ ئەندامی تۆمارکراوی هەیە.
ڕەوەند حوسێن، بەڕێوەبەری ناوەندی گەنجان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "پێشوازیی بەرفراوانی گەنجان نیشانەی ئاشکرای خواست و پێویستیی ڕاستەقینەی لاوانە بۆ ژینگەیەکی گونجاو لە پێناو فێربوون، پەرەپێدانی تواناکان و بەشداریی کاریگەری کۆمەڵایەتی و کلتووری. ناوەندەکە ژینگەیەکی کراوە و سەلامەتی بۆ هەموو توێژەکان ڕەخساندووە، لە خوێندکاران و دەرچووانەوە تاوەکو هونەرمەندان و خاوەن بیرۆکە نوێیەکان.
سەبارەت بە چالاکییەکانی ناوەندەکە، بەڕێوەبەری ناوەندی گەنجان ئاماژەی بەوە کرد، "لە شەش مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ١٥٤ بەرنامە و چالاکیی جۆراوجۆر لە بوارەکانی وۆرکشۆپ، سیمینار، نمایشگەی هونەری، شەوی فیلم، و بەرنامەکانی گەشەپێدانی تەکنەلۆجی و کارگێڕی بەڕێوە چوون. هاوکات لەگەڵ دامەزراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا هاوبەشیی کاریگەرمان هێناوەتە ئاراوە بۆ دروستکردنی تۆڕی پەیوەندی و هاوکاری بۆ گەنجان.

دەربارەی ئامانج و قۆناغی داهاتووش، ڕەوەند حوسێن جەختی کردەوە، "کار لەسەر فراوانکردنی بەرنامەکانمان دەکەین، بەتایبەت لە بوارەکانی ئامادەکاری بۆ بازاڕی کار، تەکنەلۆجیا، هونەر و ڕەخساندنی دەرفەتی زۆرتر بۆ لاوان. گرنگترین دەستکەوتی ئێمە ئەوەیە کە گەنجانی کوردستان ئێستا شوێنێکی تایبەت و شایستە بە خۆیانیان هەیە تاوەکو تێیدا بخوێننەوە، فێرببن و بەشداریی کارا لە ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵگەدا بکەن.
جێی وەبێرهێنانەوەیە، چوارشەممە، ١٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی فەرمیی کردنەوەی ناوەندەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و دڵخۆشیی خۆی بە بەشداریکردن لە کردنەوەی ئەم ناوەندە گرنگە دەربڕی، کە وەک یەکێک لە گەورەترین و پێشکەوتووترین ناوەندەکانی لاوان لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان هەژمار دەکرێت.
سەرۆکی حکوومەت لە کاتی کردنەوەی ناوەندەکەدا داوای لە لاوان کرد کە مێژووی نەتەوەکەیان بخوێننەوە و بزانن کە دەستکەوتەکانی ئەمڕۆی کوردستان بەرهەمی خەباتی پێشمەرگە و قوربانیدانی گەلێکی ستەمدیدەیە، کە هیچ کاتێک ڕێگەی نەداوە ئیرادەی نیشتمانیی تێکبشکێت.
شایانی باسە، ناوەندی گەنجان وەک گەورەترین و پێشکەوتووترین ناوەندی لاوان لەسەر ئاستی جیهان، لەلایەن (کوردستان فاوندەیشن)ـەوە خاوەندارێتی و بەڕێوەبەریی دەکرێت. ئەم ناوەندە مۆدێرنە وەک پڕۆژەیەکی ستراتیژی و گشتگیر، دەرگایەکی نوێ بە ڕووی گەنجاندا دەکاتەوە بۆ پەرەپێدانی لێهاتوویی، فێربوونی کارامەیی نوێ و دروستکردنی تۆڕی پەیوەندیی بەهێز لە نێوان گەنجانی داهێنەردا.

ئەژین غەفار