Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕاگەیەندراوێک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ شەممە، 12ـی ئەیلوولی 2026، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد کە کرانە سەر بۆرییەکانی نەوتی سعوودیە، هاوکات پاڵپشتیی تەواوی هەرێمی کوردستانی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ئەو وڵاتە دووپات کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین کە کرانە سەر بۆرییەکانی نەوت لە شانشینی عەرەبیی سعوودیەی برا و پاڵپشتیی تەواوی خۆمان لەگەڵ شانشینی سعوودیە و پەرۆشیمان بۆ ئاسایش و سەقامگیرییەکەی دووپات دەکەینەوە."

هەروەها سەرۆکایەتیی هەرێم پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵ و ڕێکارەکانی بەغدا دەربڕیوە و ئاماژەی بەوە کردووە، "پشتیوانی لەو ڕێکارانە دەکەین کە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لەو دەستدرێژییانە و ئاشکراکردن و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی، دەیگرێتەبەر."

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هۆشداری دراوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە بەکارنەهێنانی خاکی عێراق بۆ پەلاماردانی وڵاتانی ناوچەکە و جەخت کراوەتەوە "نابێت خاکی عێراق ببێتە سەرچاوەی هیچ هەڕەشە و دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ. ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان، دراوسێیەتیی باش و پەنابردنە بەر دیالۆگ و هاوکاری، گونجاوترین ڕێگەن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و پتەوکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا."