ئاکرێ-KDP.info-بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئاکرێ ڕایگەیاند، بەهۆی گرنگیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەرچوونی ڕێنمایی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و سروشت، چیایەکانی سنووری ئاکرێ بووژاونەتەوە و پێشبینی دەکرێت ڕێژەی ئاژەڵی کێویش ڕوو لە زیادبوون بکات.
عەقید سەعد خالد عادل، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئاکرێ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیی زۆر بە پاراستنی ژینگە و ئاژەڵی کێوی دەدات. لەو چوارچێوەیەدا مەفرەزەی جێگیر و گەڕۆکمان بەردەوام چاودێریی دارستانەکان دەکەن بۆ ڕێگری لە داربڕین و ڕاوکردن، ئەمەش وای کردووە دەستکاریی سروشت بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم بێتەوە."
ئەوەشی خستە ڕوو کە هاووڵاتیان هۆشیارییان بەرز بووەتەوە و دەزانن داربڕین و ڕاوکردنی نایاسایی سزای دارایی و زیندانیکردنی قورسی لەسەرە. گوتیشی: "لە لێواری زێی ئاکرێش تیممان جێگیر کردووە و تا ئێستا نزیکەی ١٢ ڕاوچی دەستگیر کراون و ڕەوانەی دادگا کراون."
سەبارەت بە ڕاوکردنی کەروێشک و پۆڕ لە سنووری ئاکرێ و بەردەڕەش، عەقید سەعد جەختی کردەوە کە بەبێ مۆڵەت و لە دەرەوەی وەرزی دیاریکراو بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت و ڕێنماییەکان زۆر توندن.
لە کۆتاییدا بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئاکرێ ئاماژەی بەوە کرد: "ئێستا ڕێژەی دار لە چیایەکان زیاد بووە؛ هەرچەندە پێشتر ئاژەڵی کێوی کەم بوو، بەڵام بەهۆی چاودێریی بەردەواممان، پێشبینی دەکەین ئاژەڵی کێویش زیاد بێتەوە، چونکە ئامانجمان پاراستن و ئاوەدانکردنەوەی ژینگەی جوانی کوردستانە."

بڵند ئیبراهیم