Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ماڵپەڕی KDP.info ئەو هۆکارانە ئاشکرا دەکات کە گەشەی کەرتی کشتوکاڵییان بۆ ١٢٪ بەرز کردووەتەوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆک بەشی زانستە ئەندازییارییەکانی کشتوکاڵی لە زانکۆی سەڵاحەددین ڕایگەیاند، "کابینەی نۆیەم شۆڕشێکی بێوێنەی لە کەرتی کشتوکاڵی بەرپاکردووە، بە جۆرێک گەشەی کشتوکاڵی لە کابینەی نۆیەم بۆ ١٢٪ بەرز بووەتەوە. ئەمەش بە ڕێگەی زنجیرەیەک پڕۆژەی ستراتیجی و هەوڵە بێوچانەکانی حکوومەت لە سێکتەری جیاوازەوە بووە."

دکتۆر نەوزاد عەزیز، سەرۆک بەشی زانستە کشتوکاڵییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین،  بۆ  ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوتی، "گەشەسەندنی بەرچاوی کشتوکاڵی هەرێم بەڕێژەی ١٢٪ دەرەنجامی بەهێزکردنی ژێرخانی ئاسایشی ئاو، ئاسایشی خۆراک، دروستکردنی کۆمپانیا-کارگەی ئاژەڵداری و پشێنەی سەوزایی بووە."

ناوبراو ڕوونی کردەوە، "دروستکردنی پۆندەکانی ئاو وایکرد کاریگەرییەکانی وشکەساڵی کەم بنەوە و جووتیاران و ئاژەڵدەران لە وەرزی بێ ئاویدا سوودمەندبن، هاوکات دابینکردنی ئاوی پاکی خواردنەوە سوودێکی تری ئەو پۆندانە بوو. دیوێکی تری گەشەسەندنی کشتوکاڵی کابینەی نۆیەم پتەوکردنی ژێرخانی ئاسایشی خۆراک بوو کە دروستکردنی سایلۆ لە شار و شارۆچکەکان و وەرگرتنی بەرهەمی جووتیاران وایکرد ئێستا نەک بازاڕی ناوخۆ پڕ دەبێتەوە بەڵکو بەرهەمەکانی هێلکە، مریشک، گۆشت، هەنار، تەحین، هەنگوین هاوردەی خوارووی عێڕاق و هەندێک وڵاتانی کەنداو دەکرێت."

لە درێژەی لێدوانەکەیدا، سەرۆک بەشی زانستە کشتوکاڵییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین تیشکی خستەسەر متمانەی وەبەرهێنەران بە سەقامگیری کوردستان و گوتیشی، ''لەلایەکی تر، بەهۆی سەقامگیری ئەمنی و سیاسی ئێستا ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیا و کارگە لە کوردستان دامەزراون و وەبەرهێنەران سەرمایەگوزارییان لە کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری کردووە بۆ نموونە کارگەکانی ڕامی فارم، زۆم و مێگەل. خاڵی کۆتایی، دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی و چاندنی ملیۆنان داری فستەق و پرتەقاڵ و زەیتوون جگە لەوەی بەرهەمەکەی دەبێتە سەرچاوەی داهاتی کشتوکاڵ بۆ حکوومەت، تەپوتۆزیش گل دەداتەوە و پلەکانی گەرما دادەبەزێنێت. ئەمەش دووبارە کاریگەری ئەرێنی لەسەر گەشەسەندنی کەرتی کشتوکاڵی و ژینگە و ئاووهەوا هەیە."

 

ئەژین غەفار