پەری عومەر خەیلانی
لە قوڵایی دڵی مێژووی پڕ لە سەخت و تێکۆشانی گەلی کورددا، ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ تەنیا ڕووداوێکی ئاسایی یان وەڵامدانەوەیەکی کاتیی چەکداری نەبووە، بەڵکو وەرچەرخانێکی فیکری گەورە بووە، بۆ داڕشتنەوەی بناغەی ناسنامە، ئیرادەی نەتەوەیی و پێکھاتەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی کوردی. ئەم شۆڕشە مەزنە کە لەسەر دەستی جەنەراڵ (مەلا مستەفا بارزانی ١٩٠٣-١٩٧٩) ھەڵگیرسا، بووە وەڵامێکی مێژوویی بۆ لووتکەی ستەمکاری و بێبەشکردنی ڕەھای گەلی کورد لە مافە سەرەتاییەکانی، و دەروازەیەکی زێڕینیش بوو بۆ گواستنەوەی تاکی کورد لە قۆناغی قوربانیی بێدەنگەوە بۆ قۆناغی بڕیاردەر و بەرگریکاری سەختی سەروەریی خاکی کوردستان.
بۆیە کاتێک ئێمەی نەوەی دوای (ڕاپەڕینی ١٩٩١) خوێنەری مێژووی گەلەکەمان دەبین، دەبینین لەسەردەمی بەر لەشۆڕشی ئەیلوول چۆن شەوەزەنگی زۆرداری باڵی بەسەر ھەموو شتێکدا کێشابوو، ھەروەھا چۆنیش لەنێو ئەم شەوەزەنگە ئیرادەیەک لەو خاکە پەیدا دەبێت و پێناسەکە بۆ ھەمیشە دەگۆڕێت. ھەربۆیە شۆڕشی ئەیلوول تەنیا ساتەوەختێکی مێژوویی یان وەرچەرخانێکی کاتی نەبووە، بەڵکو تێکشکاندنی سنوورە دەستکردەکان و ھەڵتەکاندنی ئەو ستەمە بووە کە دەیویست ورەی ئەم گەلە لەناوببات.
کەچی ئەم بزووتنەوە گشتگیرە کە تەواوی خاکی کوردستانی لە زاخۆوە تا خانەقین و بەدرە و جەسان یەکخستبوو، ئەم یەکخستنەش مژدەی لە دایکبوونی حەتمیەتی مێژوویی گەلی کورد بووە.
کاتێکیش دەسەڵاتدارانی بەغدا درێژەیان بە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی خۆیان دەدا بە دەرکردنی فەرمانبەرانی کورد و پەلاماردانی دڕندانەی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بە فڕۆکە جەنگییەکان. لەم پێناوەدا، ڕابەری نەمر، جەنەراڵ مەلا مستەفا بارزانی کە داینەمۆی گۆڕانکارییەکان و داھێنەری فەلسەفەی خۆڕاگری بوو، ھەموو دەرگا و ڕێگەچارە ئاشتیخوازییەکانی تاقیکردەوە و بڕیاری کۆتایی بۆ دیالۆگ و چارەسەری سیاسی خستەگەڕ، چونکە بارزانیی نەمر ھەمیشە حەزێکی لە ڕادەبەدەری ھەبووە کە کێشەی کورد لە ڕێگەی دیالۆگ، لێکتێگەیشتن و ئاشتییەوە حەل ببێت و نەگاتە ڕژانی خوێن و پێشێلکاری، و بە ھەموو شێوازێک ھەوڵیدا ڕۆڵەی کوردیی تێدا شەھید نەبێت و ئاگری جەنگ ھەڵنەگیرسێت، بەڵام نەیارانی کورد و حوکمڕانانی چەوسێنەری بەغدا ھیچ بۆشاییەکیان نەھێشتەوە بۆ تێگەیشتن و نەرموونیانی، و تەنیا زمانی لەناوبردن و ستەمیان ھەڵبژارد، کەچی سەرەڕای ئەوەش، بارزانیی نەمر توانی لە قووڵایی نائومێدیدا، گەورەترین ئومێد بۆ مانەوە و بەرگری بخوڵقێنێت.
لێرەدا مەزنیی شۆڕشی ئەیلوول لەوەدا دەبینین کە نەک تەنیا خەباتێکی چەکداریی بوو بێت، بەڵکو پرۆژەیەکی مرۆڤدۆستانە و نەتەوەیی بووە کە ھیچ جیاکارییەکی لە نێوان پێکھاتە ڕەسەنەکانی کوردستاندا نەکردووە، پیاوانی ئایینی، مەزھەبە جیاوازەکان، کریستیان، ئێزدی و تورکمان شانبەشانی پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی بەرگریدا بوون، و ئەم ھەوێنی تەبا و فرەچەشنییە بوویتە قەڵغانێکی پتەو لە بەرانبەر (سیاسەتی لەناوبردن) گیانی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی لە ناوچەکەدا بۆ ھەتاھەتا چەکەرە پێکرد،
ھەروەھا ئەم بزاوتە مەزنە توانی لەناو نەھامەتییەکاندا، ناسنامەیەکی نوێ بۆ مرۆڤی کورد درووست بکات، ناسنامەیەک کە تێیدا جیاوازییە ناوچەیی، ئایینی و مەزھەبییەکان لەبەردەم گەورەیی ئامانجە نیشتمانییەکاندا توانەوە و کۆمەڵگەی فرەڕەنگی کوردستانی کردە یەک ھێز و یەک دەست.
کاریگەرییەکانی ئەم شۆڕشە مەزنەش تەنیا لە سنووری بەرگریی سەربازیدا نەمانەوە، بەڵکو دەروونی تاکی کوردییان گۆڕی، ترسیان ڕاماڵی و روحی بەرگرییان کردە کلتوورێکی ڕۆژانە، تاوەکو لە ناوچە ئازادکراوەکاندا دامەزراوەی کارگێڕی، پەروەردەیی و دادوەری دروستبوون و سەرەڕای سەختیی جەنگ، گرنگییەکی تایبەت بە خوێندن، قوتابخانەکان و ناردنی لاوان بۆ دەرەوەی وڵات درا بۆ بەدەستھێنانی بڕوانامەی باڵا، کە دواتر بوونە سەرچاوەی زانستی و ھۆشیاری بۆ داھاتووی شۆڕشەکە.
داستانی ڕێبەرایەتی و فەلسەفەی خۆڕاگریی شۆڕشی ئەیلوول، بە ئاوابوونی خۆری ژیانی بارزانیی نەمر کۆتایی نەھات، بەڵکو ئەم ڕێبازە پیرۆز و نەمرە خۆی بەناو دەماری مێژوو داھاتوومان درێژ کردۆتەوە. ئەمڕۆ لە سایەی دنیابینیی قووڵ و ستراتیژی و فیکری بۆ داھاتووی کوردستان لەسایەی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکایەتیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانییەوە وەک درێژەپێدەری ڕاستەقینەی شۆڕشی ئەیلوول بە بەھێزی بەرەو پێشەوە دەبرێت، سەرۆک مەسعود بارزانی، کە خۆی پەروەردەکراوی ناو سەنگەرەکانی شۆڕشی ئەیلوول و قوتابیی ڕاستەقینەی بارزانیی نەمرە، بووەتە پارێزەری سەرسەختی دەستکەوتە نەتەوەییەکان، پارێزەری ئیرادەی ڕەوای گەلی کوردستان، و سیمبولی سەربەرزی، ئاشتیخوازی و داڕێژەری نەخشەڕێی سەربەخۆیی فکری و مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی گەلەکەمان لە ئایندەدا.
ھەربۆیە کاتێک ئەمڕۆ سەیری ئەو ڕێڕەوە دەکەین، دەبینین ڕابردوو تەنیا بیرەوەرییەکی دوور نییە، بەڵکو نەخشەڕێگەیەکە بۆ تێگەیشتن لە ئێستا و نەخشاندنی داھاتوو. وانەی گەورەی ئەو مێژووە ئەوەیە کە ئیرادەی گەل لەبەردەم پیلانگێڕی و ناپاکییەکاندا نە سڵ دەکاتەوە و نە سازش دەکات، بەڵکو لە ڕێگەی ھۆشیاری و خۆڕاگرییەوە قەوارە دەستووری و سیاسییەکە دەپارێزێت.
دواجار ئەزموونی ڕوانین لەم مێژووەوە پێمان دەڵێت، لە نێوان نائومێدی و بەدیھێنانی مافە ڕەواکاندا، تەنیا یەک پرد ھەیە، ئەویش پاراستنی ئەو ھاوھەڵوێستی و ھاوئاھەنگییە نیشتمانییەیە کە ھەمیشە وەک قەڵغانێک لەبەردەم پێشھاتەکاندا ڕایگرتووین و ڕێگەی نەداوە چرای ھیوا لە دڵی نیشتماندا خامۆش ببێت.