Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فراکسیۆنی پارتی لە یادى ٦٥ ساڵەی شۆڕشی ئەیلوولدا: پاراستنی قەوارەی هەرێم و یەکڕیزیی نێوماڵی کورد ئەركی لەپێشینەمانە

ھەولێر-KDP.info- بە بۆنەی ٦٥ ساڵەی ھەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولەوە، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە شۆڕشی ئەیلوول ئیرادەی گەلێکی ستەملێکراوی گۆڕی بۆ شۆڕشێکی سەرتاسەری، ھەروەھا فراکسیۆنی پارتی پەیمان نوێ دەکاتەوە بۆ بەردەوامبوون لە تێکۆشان و پاراستنی یەکڕیزیی نێوماڵی کورد و دەستکەوتە نەتەوەییەکان.

دەقی پەیامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان.

لە شەست و پێنجەمین ساڵیادی ھەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، فراکسیۆنەکەمان بە شانازی و سەربەرزییەوە یادی ئەو ڕۆژە مێژووییە دەکاتەوە کە لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١دا، بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمر و پێشڕەویی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئیرادەی گەلێکی ستەملێکراو گۆڕدرا بۆ شۆڕشێکی سەرتاسەری و قۆناغێکی نوێی خەباتی کوردستان دەستی پێکرد.

بارزانی نەمر سەرکردەی گەورە و ھێزی یەکخەری ئەو شۆڕشە بوو, کە بە دووربینیی سیاسی و توانای سەرکردایەتی و ئازایەتی و باوەڕی قووڵی بە ڕەوایی دۆزی کورد، توانی سەرجەم گەلی کوردستان لە دەوری یەک ئامانج کۆبکاتەوە و لەچوارچێوەی شۆڕشێکی سەرتاسەریی مەزندا ڕابەڕایەتیان بکات، و خەباتی گەلی کوردستان بۆ وەدیھێنانی مافە ڕەواکانی، لە بەرھەڵستکارییە پچڕپچڕەکانەوە بگوازێتەوە بۆ شۆڕشێکی ڕێکخراو و بەردەوام.

ئەوەی گرنگە شۆڕشی ئەیلوول، یەکەم جاربوو، توانی دەرفەت بۆ ھەموو تاکێکی کوردستان بڕەخسێنێت تا ھەستی کوردپەروەریی خۆی بکاتە کردار و بەشداریی لە خەباتی گەلەکەیدا بکات. متمانەی تاکی کوردی بە خۆی و بە توانای گەلەکەی پتەو کرد و سەلماندی کە سوپا و چەک ناتوانن ئیرادەی گەلێک بشکێنن کە باوەڕی بە ڕەوایی دۆزەکەی ھەیە. ھەروەھا پێشمەرگایەتیی کرد بە ڕێباز و دامەزراوەیەکی بەردەوامی گەلی کوردستان بۆ پاراستنی گەل و خاک و کەرامەتی تاکی کورد. پاشانیش مێژوو سەلماندی کە شۆڕشی ئەیلوول قوتابخانەیەکی گەورە بوو لە پێگەیاندن و پەروەردە کردنی  نەوەیەکدا، تا دوای ئەیلوولیش ئاڵای خەباتی نەتەوەیی بەرز ڕابگرێت.

شۆڕش لەو ناوچانەی بەڕێوەی دەبردن، گۆڕانێکی قووڵی کۆمەڵایەتی بەرپاکرد. ڕووبەڕووی ھەموو جۆرە چەوساندنەوە و زوڵم و جیاکارییەک بووەوە، بەھاکانی یەکسانی، ڕێزگرتن لە مرۆڤ و ھاوکاریی نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی بەھێز کرد. بەشداریی ژنانیش لەشۆڕشدا سەلماندی کە خەباتی نەتەوەیی بەبێ ھاوبەشیی ژن و پیاو تەواو نابێت.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، ئەوەبوو شۆڕشی ئەیلوول کە دۆزی ڕەوای کوردی لە سنووری ناوخۆیی عێراق دەرھێنا و بە جیھانی ناساند. بە فیداکاریی پێشمەرگە و پەیامی ئاشتیخوازانە و مرۆیی بارزانیی نەمر، ڕای گشتیی جیھان زیاتر بە ماف و ئازارەکانی گەلی کوردستان ئاشنا بوو. دۆزی کورد دۆست و پشتیوانی بۆ خۆی پەیدا کرد و چیتر نەدەکرا لە بێدەنگیدا بشاردرێتەوە.

لە کۆتاییدا شۆڕشی ئەیلوول توانی یەکەم درزی مێژوویی بخاتە دیواری دابەشکاریی سایکس–پیکۆ کە کوردی بێ ماف کردبوو، بەوەی دەسەڵاتی بەغدای ناچار کرد دان بە بوونی گەلی کورد و بەشێک لە مافە ڕەواکانیدا بنێت و لە ڕێککەوتنی ١١ی ئازاری ١٩٧٠دا بەرجەستەی بکات. پاشانیش ڕێبازی شۆڕشی ئەیلوول لە قۆناغێکی مێژووییدا نەوەستا، بەڵکوو لە شۆڕشی گولاندا لە خۆڕاگریی پێشمەرگە و ڕاپەڕینی سەرتاسەریی ساڵی ١٩٩١دا درێژەی پێدرا. دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان و سەرھەڵدانی قەوارەی سیاسی و دەستووریی ھەرێمی کوردستان لە گرنگترین بەرھەمەکانی ئەو شۆڕش و ڕێبازەن. 

وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لە یادی ئەو شۆڕشە مەزنەدا، پەیمان بۆ سەرۆک بارزانی و گەلەکەمان نوێ دەکەینەوە، کە بە ڕێبازی بارزانی نەمر و پاراستنی یەکڕیزیی نێوماڵی کورد و بەرگریکردن لە قەوارەی دەستووریی ھەرێم و دەستکەوتە نەتەوەییەکانمان پابەندبین و درێژە بە تێکۆشانمان بدەین.

دروود بۆ گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی ھەمیشە زیندوو و سەرجەم شەھیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان.

سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی شۆڕشی ئەیلولی مەزن.

 

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان

١١ی ئەیلولی ٢٠٢٦