گەرمیان-KDP.info- بەبۆنەی ٦٥ھەمین ساڵیادی ھەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، لە بارەگای لقی ٢٢ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆڕێکی فراوان بە ئامادەبوونی بەرپرسی لق و پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول، گوڵان، ڕاپەڕین ساز کرا.
بە سەرپەرشتیی حوسێن کەلاری، بەرپرسی لقی ٢٢ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بە ئامادەبوونی ھەڤاڵانی دەستەی کارگێڕیی لق، کۆڕێکی فراوان بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول، گوڵان، ڕاپەڕین و نوێنەرانی ھەردوو دەزگای ئەیلوول و گوڵان و ھێزی خەباتی گەرمیان بەڕێوەچوو.

لە کۆڕەکەدا، مێژووی شۆڕشی ئەیلوول، ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی، قوربانیدان و دەستکەوتەکانی شۆڕش، ھەروەھا ڕۆڵ و کاریگەرییەکەی لە ناساندنی نەتەوەی کورد و پێکەوەگرێدانی چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵکی کوردستان بە وردی خرانە ڕوو.
لە بەشێکی دیکەی کۆڕەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە شۆڕشی ئەیلوول بەشێکی گرنگ و نەپچڕاوی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستانە و یادەوەری و سەروەرییەکانی ھەمیشە لە مێژووی نەتەوەکەماندا بە زیندویی دەمێننەوە.
