Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەزگای ئەیلوول و گوڵان بۆ KDP.info: یادکردنەوەی شۆڕشی ئەیلوول یادکردنەوەی قارەمانێتیی میللەتێکە

ھەولێر-KDP.info- جێگری بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان ڕایگەیاند کە یادکردنەوەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول یادکردنەوەی قارەمانێتیی گەلێکە بۆ گەیشتن بە ئازادی، ھاوکات ئاشکرای کرد کە بەم بۆنەیەوە چەندین چالاکیی جۆراوجۆر لە شارە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان بەڕێوە چوون و حەفتەی داھاتووش بەردەوام دەبن.

عەبدولڕەحمان مەلا ڕەسوڵ، جێگری بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ''بەمناسبەتی یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، لە زۆربەی شارەکانی ھەرێمی کوردستان چالاکی ئەنجام دراون، لە سۆران پانێڵێکی گەورە و لە چۆمان، ھەولێر و دھۆکیش چەندین مەڕاسیم بەڕێوەچوون. شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشی ھەستانەوەی گەلی کوردستان بوو بەگژ زوڵم و ستەمی ڕژێمەکانی ئەو کاتی عێراقدا، یادکردنەوەی ئەم شۆڕشە مەزنەش، ڕێزلێنانی تەواوە لە قارەمانێتیی میللەتێک بۆ گەیشتن بە ئازادی.

جێگری بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان ئاماژەی بەوەش کرد، ''بڕیارە لە حەفتەی داھاتووشدا چەندین چالاکیی دیکە لە ناوچە جیاوازەکان بەڕێوەبچن، عەبدولڕەحمان مەلا ڕەسوڵ جەختی لە گرنگیی توێژینەوەی زانستی کردەوە و گوتی، ''پێویستە لە ڕووی ئەکادیمی و زانستییەوە کاری زیاتر لەسەر شۆڕشی ئەیلوول بکرێت. ئەرکی زانکۆ و دەزگا ئەکادیمییەکانمانە لەسەر مەزنیی ئەم شۆڕشە بوەستن و توێژینەوەی لەسەر بکەن. ھەموو دەستکەوتەکانی ئەمڕۆی خەڵکی کوردستان بەرھەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولن، ئەو شۆڕشە گەورەترین شۆڕشی سەدەی ڕابردووی کورد بوو دژ بە داگیرکەران، کە ئەوەش شانازییەکی گەورەیە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر.

 

قائید میرۆ