Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی نێچیرڤان بارزانی بۆ یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول

هەولێر-KDP.info- بە بۆنەی شەست و پێنجەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ڕایگەیاند کە شۆڕشی ئەیلوول دایکی شۆڕشەکانی کوردستان بوو و جەختیشی لە گیانی تەبایی و هاوکاریی نێوان سەرجەم لایەنەکان کردەوە.

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی:

ئەمڕۆ لە یادی شەست و پێنج ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، بەوپەڕی ڕێز و شکۆوە یادی ڕابەری شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، بارزانیی نەمر و ته‌واوى تێکۆشەرانی دڵسۆز و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەینەوە کە هێز و بازوو و کۆڵەگەی شۆڕش بوون. 

دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕش و سڵاو و پێزانین بۆ بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزیان. سڵاو لە هەموو ئەو پێشمەرگە و خەباتگێڕە دێرینانە دەکەین کە لە ژیاندان و هیوای تەمەندرێژی و تەندروستیى باشییان بۆ دەخوازین.

شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، دایکی شۆڕشەکانی کوردستان، لە قۆناغێکی سەخت و دژواردا کە نکوڵی لە بوون و مافەکانی گەلی کوردستان دەکرا، بووە هەوێنی وریایی و بیر و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی. شۆڕش بە کۆکردنەوەی هەموو چین و توێژ و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکانی کوردستان لەژێر یەک چەتردا، بووه‌ ئیرادەیەکی پۆڵایین و دەنگی ڕەوای ئازادیخوازیی گەلی كوردستانى گەیاندە تەواوی جیهان و بناغەی یەکەم دانپێدانانی فەرمی و دەستکەوتە دەستوورییەکانی دواتری داڕشت.

لە کاتێکدا بە شانازییەوە ئەم یادە مەزنە دەکەینەوە، جەخت لە بەها باڵاکانی شۆڕش لە یەکڕیزی، تەبایی، پێکەوەژیان، یەکترقبووڵکردن و ئاشتیخوازی دەکەینەوە. وەک چۆن سەرکەوتن و مانەوەی شۆڕشی ئەیلوول بەرهەمی یەکگرتوویی بوو، ئەمڕۆش تاقه‌ ڕێگەی پاراستنی فیدراڵی، قەوارەی هەرێمی کوردستان، مافە دەستوورییەکان و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان، پێكه‌وه‌یى و پتەوکردنی گیانی تەبایی و هاوکاریی نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانە تا بتوانین داهاتوویەکی سەقامگیر و گەشتر بۆ نەوەکانمان مسۆگەر بکەین.

بەرز و شکۆدار بێت یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان.

 

نێچیرڤان بارزانی

2026/9/11