Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی: بە پێزانینەوە یادی هەموو پێشمەرگە و تێکۆشەرانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەکەینەوە

هەولێر -KDP.info- بە بۆنەی شەست و پێنجەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرد و تێیدا جەختی لە یەکدەنگیی لایەنەکان لە پێناو پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم کردەوە.

دەقی پەیامەکەی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

لە شەست و پێنجەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی مه‌زنى ئه‌یلوول بە ڕێبەرایەتی ڕابەری نیشتمانیمان جەنابی بارزانیی نەمر، بە پێزانینێکی زۆرەوە، یادی هەموو پێشمەرگە و خەباتکار و تێکۆشەر و گشت بەشدارانی ئەو شۆڕشە جەماوەریی و سەرتاسەریەی کوردستان دەکەینەوە کە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان بەشداریان تێدا کرد و چەندین دەسکەوتی مێژوویی بەدەست هێنا،  گرنگترینیان ناچارکرنی ڕژێمی عێراق بوو کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970دا، دان بە مافەکانی گەلی کوردستاندا بنێت. 

لەم یادەدا، جەخت لە یەکدەنگی و هاوهەڵوێستی هێز و لایەنە کوردستانییەکان لە پێناو پاراستن و پەرەپێدانی زیاتری قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و دەسکەوتە نیشتمانییەکان دەکەینەوە.

یادى شۆڕشى مەزنی ئه‌یلوول پیرۆز بێت و سڵاو لە گیانی پاکی شه‌هیدانى شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شەهیدانی كوردستان.

 

مەسروور بارزانی 

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان