هەولێر-KDP.info- بە بۆنەی شەست و پێنجەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی ئاراستەی جەماوەری کوردستان و خەباتکارانی ڕێبازی نیشتمانی کرد و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە شۆڕشی ئەیلوول هەڵقوڵاوی ئیرادە، باوەڕبەخۆبوون و شکۆی مرۆڤی کوردستانی بوو.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولدا:
ئەمڕۆ شەست و پێنج ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا تێدەپەڕێت؛ شۆڕشێکی سەرتاسەری کە تێیدا پێشمەرگە، سیاسی، ڕێکخستنەکان، زانایانی ئایینی، مامۆستایان، ئەدیبان، ڕۆشنبیران، گەنجان، ئافرەتان و سەرجەم چینوتوێژەکانی کۆمەڵگە بەشدارییان لە خەباتی نەتەوەیی و دیمۆکراسیخوازیی گەلەکەیاندا کرد.
شۆڕشی ئەیلوول هەڵقوڵاوی ئیرادە، باوەڕبەخۆبوون و شکۆی مرۆڤی کوردستانی بوو؛ بناغەیەکی پتەو و ڕێکخراو بوو بۆ بەردەوامیی تێکۆشان و وەستانەوەی گەلی کوردستان لە بەرامبەر زۆرداریدا. ئەم شۆڕشە مەزنە، بە بەها بەرزەکانی و بە پێداگری و خۆڕاگریی بێوێنەی سەرکردایەتی، پێشمەرگە و جەماوەر، دۆزی ڕەوای گەلەکەمانی بە هەنگاوی گەورە بەرەو پێشەوە برد. شۆڕشی ئەیلوول لەژێر ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمردا، بووە سەرچاوەی هێز و ئیلهامبەخش بۆ قۆناغەکانی دواتری خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان و خەباتگێڕانی کورد لە تەواوی پارچەکانی دیکەی کوردستاندا.
لە شەست و پێنجەمین ساڵیادی ئەم شۆڕشە شکۆدارەدا، پێزانینی خۆم بۆ ڕۆڵی مێژوویی تەواوی ئەو پێشمەرگە و خەباتکارە قارەمانانە دووپات دەکەمەوە کە بەشدارییان لە تۆمارکردنی ئەم سەروەرییە نیشتمانییەدا کردووە؛ چ ئەو شەهیدە نەمرانەی لە شۆڕشی ئەیلوولدا گیانی خۆیان بە خاکی نیشتمان بەخشی و ئەوانەی لە ژیاندا نەماون، چ ئەو ڕۆڵە سەربەرزانەی کە تا ئێستاش وەک شایەتحاڵی زیندووی مێژوو لە ژیاندا ماون. ئەو قارەمانانە هەوێنی دروستکردنی سەروەری بوون بۆ گەلەکەیان و جێگەی شانازین.
مسعود بارزانی
11ی ئەیلوولی 2026