Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بووە هەوێنی بەهێزبوونی ئیرادەی ئافرەتان

زریان فاتیح

شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٦١ بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر، تەنیا ڕووداوێکی سەربازی یان ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری نەبوو، بەڵکو وەچەرخانێکی مێژوویی، شۆڕشێکی ڕۆشنبیری و خەباتێکی گشتگیری جەماوەری بوو کە سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی لە دەوری ئامانجە نەتەوەییەکان کۆ کردەوە، لەم نەبەردییە مێژوویییەشدا، ئافرەتانی کوردستان هاوشانی پیاوان ڕۆڵێکی بنەڕەتی، فیداکارانە و کاریگەریان گێڕا.

لە سەردەمی شۆڕشدا، ئافرەتان لەگەڵ بارگرانیی جەنگ، تاڵاویی ئاوارەیی و سەختییەکانی ژیان، بەرپرسیارێتییەکی مێژوویییان کەوتە ئەستۆ. لە کاتێکدا پیاوان و گەنجان لە سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگریدا بوون، ئافرەتان بە ورەیەکی بەرزەوە ئەرکی پاراستنی شیرازەی خێزان، پەروەردەکردنی منداڵان، دابینکردنی خواردن و پێداویستییە لوجستییەکان بۆ سەنگەرەکان و چاودێریکردنی بریندارەکانیان لە ئەستۆ گرت. ئەم پشتیوانییە کۆمەڵایەتی و تەندروستییە بێوەچانە، بڕبڕەی پشتی بەردەوامیی شۆڕش و ڕاوەستان بوو لە بەرامبەر زوڵم و داگیرکاریدا.

لە ڕووی سیاسی، فکری و هۆشیارییەوە، ئەگەرچیش دەرفەتە فەرمییەکان بۆ ئافرەتان لەو سەردەمەدا بەرامبەر بە ئاستی کۆمەڵایەتی سنووردار بوون، بەڵام خانمان ببوونە قوتابخانەی ڕاستەقینەی پەروەردەکردنی هەستی نەتەوەیی و گواستنەوەی چەمکی ڕزگاریخوازی و خۆڕاگری بۆ نەوەکانی دواتر. ئەزموونی قورسی شۆڕش بووە هەوێنی بەهێزبوونی ئیرادەی ئافرەتان و سەلماندنی تواناکانیان لە بەڕێوەبردنی قەیرانە قورسەکاندا، کە ئەمەش بنەمایەکی بەهێز و قایمی بۆ داھاتووی بەشداریی سیاسی، بڕیارە جەوهەرییەکان و ژیانی کۆمەڵایەتیی ئافرەتانی کوردستان داڕشت.

لە کۆتاییدا، سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و سەختییەکان، شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بووە زەمینەساز و ڕەخسێنەری دەرفەت بۆ ئەوەی ئافرەتانی کوردستان ڕۆڵی شایستەی خۆیان لە خەباتی رزگاریخوازیدا بگێڕن و ئافرەتانی کورد بە ئیرادە و خۆڕاگرییان لەو سەردەمە سەختەدا، سەلماندیان کە بڕبڕەی پشتی کۆمەڵگە و شۆڕشن، ڕۆڵ و فیداکاریی ئەوانیش بۆ هەمیشە وەک سەروەرییەکی درەوشاوە و شانازییەکی نەمر لە مێژووی نەتەوەکەماندا بە زیندویی دەمێنێتەوە.

 

بەرپرسی ناوەندی ڕاپەڕین یەکێتی ئافرەتانی کوردستان