ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٦/٩/١٠، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ھەیبەت ئەلحەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندی یاوەری کرد کە ژمارەیەک لە سەرۆکی فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بوون و بۆ پێشکەشکردنی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دواییی خوالێخۆشبوو عەبدولواحید ئیبراھیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی، سەردانی ھەولێریان کردووە.
لە دیدارێکدا، بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی بۆ سەردان و ھاوخەمییان دەربڕی، دواتر بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران پوختەیەکی دەربارەی سەردانی فەرمیی خۆی بۆ تورکیا و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکۆمار و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە خستە ڕوو. لەمبارەیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لە گرنگیی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ تورکیادا کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە پەرەپێدانی ھاوکاریی ھاوبەش لە بەرژەوەندیی ھەردوولادایە.
دەربارەی دۆخی ناوخۆی وڵاتیش، ھەردوولا ھاوڕا بوون کە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ھەرێمی کوردستان پێکەوە بەستراونەتەوە. ھاوکات لە پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پشتیوانیی ھەرێمی کوردستانی بۆ بەڕێز سەرۆکوەزیران و حکوومەتی فیدراڵ و چارەسەرکردنی ئەم بابەتە لە ڕێگەی دیالۆگ و لێکگەیشتنەوە دووپات کردەوە، بە جۆرێک مسۆگەری ئەوە بکات کە چەک تەنیا بە دەست دەوڵەتەوە بێت.
گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر - بەغدا بەپێی دەستوور، مسۆگەرکردنی ماف و شایستەکانی ھەموو پێکھاتەکان و پرسی بودجەی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانیان چەند تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون. تیایدا جەخت لە گرنگیی تەبایی و ھەماھەنگیی سەرجەم لایەن و پێکھاتە عێراقییەکان کرایەوە بۆ بەرەنگاربوونەوە و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان.
