ھەولێر-KDP. info- شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئەمڕۆ بە شانازییەوە، مژدەیەکی مێژوویی و دەستکەوتێکی مەزن ڕادەگەیەنین کە خەونی لەمێژینەی گەلەکەمان بووە؛ پرۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای چەندین ساڵ تێکۆشان، هەوڵدانی بەردەوام و وەک یەک تیمی پێکەوەیی لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی حەفتا و هەشتا کە هاوکار و ڕێگەخۆشکەربوون، توانیمان سەرجەم بەربەست و گرفتە کەڵەکەبووەکان تێپەڕێنین. ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە هەموو توانای خۆمان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسە نیشتمانییە تەرخان کرد، تا گەیشتین بەم دەرئەنجامە باڵایەی کە ئەمڕۆ هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ بە پرۆسەیەکی ورد، سەربازییانە و پلان بۆ داڕێژراو یەکخرانەوە. لە چوارچێوەی ئەم چاکسازییە ڕیشەییەدا، تەواوی هێزەکان لەسەر ئاستی یەک فەرماندەیی وکۆنترۆڵ ، (لیواو فیرقەو فەرماندەیی دەڤەر) ڕێکخرانەوە.
وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنێین کە هەردوو دەڤەری فەرماندەیی سەربازی بە فەرمی دەستبەکار دەبن. ئەمە دەستکەوتێکی مێژووییە و هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتوو و سەردەمیانە ، لە ژێر فەرماندەیی ڕاستەوخۆی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
راشیگەیاند ئەم دەستکەوتە گەورەیە ئەنجامی پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەت بووە، لەگەڵ ڕۆڵی گرنگ و باڵای هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوانماندا. ستایشی بێپایانی هاوکارییەکانیان دەکەین و داوایان لێدەکەین لە قۆناغی داهاتوودا، بە شێوازێکی جیاوازتر بەردەوام بن لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگەی یەکگرتووی کوردستان.