Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شۆڕشی ئەیلوول، چەتری کۆکردنەوەی پێكهاتەكانی كوردستان

وەیسی سەعید وەیسی

ھەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر، بە مەزنترین شۆڕش لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان دادەنرێت، کە ھەر لە دەستپێکی ھەڵگیرساندنیدا بناغەیەکی پتەوی دانا بۆ کۆکردنەوەی ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبییەکان لەناو شۆڕشدا لەپێناو بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان.

شۆڕشی ئەیلوول،، جگە لە بواری سیاسى، كۆمه‌ڵایه‌تى، چه‌كدارى و فیكرى، شۆڕشێکی سەرتاسەریی کوردستانی بوو بۆ پێکەوەگرێدانەوەی جیاوازییە ئایینی و نەتەوەیی و مەزھەبییەکان، هەروەها خێمه‌یه‌كی گەورە بوو بۆ كۆكردنه‌وه‌ى هه‌موو پێكهاته‌کان، کە بێ جیاوازی داکۆکی لە مافی ھەمووان دەکرد.

شتێکی بەڵگەنەویستە بەیەكه‌وه‌ژیان لە کوردستاندا کلتوورێکی بەھێزە و ھیچ ڕژێم و ھێزێک نەیتوانیوە تێکی بدات‌، بۆیەش لە شۆڕشی ئەیلوولدا بەیەکەوەژیان لە دروشمەوە بووە واقیع، بە جۆرێک پێکھاتەکان بێ جیاوازی بەیەکەوە لە پێناوی ئازادیی کوردستان بەرپەرچی زوڵم و ستەمیان دەدایەوە و لە یەک سەنگەردا خوێنی شەھیدانی کوردستان (ھورمز ملک چەکۆ -حاجی خدر خرمە-مەحموود ئێزدی -ئادەم قەیسەر-مارگرێت -ئەلیاس یۆنان گلیانە -میخائیل بنیامین شاھین-جەمال فەتاح کاکەیی) تێکەڵاوی یەکتر بوو.

شۆڕشی ئەیلوول، پارێزەری مافی ھەموو چین و توێژ و پێکهاتەکان بوو، کە لەم پێناوەدا قوربانیی گەورەی بەخشیوە، بەردەوامیش کار دەکرا لە پێناو برەودان بە کلتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و قووڵکردنەوەی فەرهەنگی یەکترقبووڵکردن لە کوردستاندا.

بێگومان بەبێ جیاوازی، پەیڕەوكارانی سەرجەم نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان ھەستیان بە بوونی خۆیان دەکرد، ئەوانیش ھەمیشە پاڵشت و پشتیوانی شۆڕش بوون، کە كۆمەڵێك سەركردە و كادیری دیاری پێکھاتە و مەزھەبی جیا لە (عەرەب -توركمان- ئاشووری -كلدان-سریان- ئەرمەن- کاکەیی-فەیلی) لەنێو شۆڕشدا هەبوون و تا ئێستاش هەن و خاوەن پێگە و ڕۆڵی دیارن، جگە لەوەی جەنابی بارزانیی نەمر لە سۆنگەی بڕوابوون بە پێكەوەژیان، هەمیشە ڕێزی لە پیرۆزییە ئایینییەكان دەگرت، لە دانیشتنەکانیشیدا پیاوانی ئایینیی ھەموو ئایین و نەتەوەیەک دەبیندران، بیروڕا و سەرنج و تێبینییەكانیانی بە هەند وەردەگرت و لە دروستکردنی شوێنی خواپەرستیدا بۆ باوەڕدارانی ئایینەکان، ھیچ جیاوازێکی نەدەکرد، کە ژمارەیەک لە پاسەوانە تایبەتەکانی لە ئایین و مەزھەبی جیا بوون.

لە کاتی مۆرکردنی ڕێكکەوتنامەی ١١ی ئاداریشدا مافی ھەموو ئایین و نەتەوەیەک چەسپێندرا، لەگەڵ یٔەوەی بەپێی یاسای یٔەوکاتی عێراق ڕێگەپێنەدراو بوو جگە لە موسوڵمان ھیچ باوەڕدارێکی تر ببێتە (قایمقام)، بەڵام پێداگری و سووربوونی بارزانیی نەمر وای کرد، رەحمەتی (فرەنسۆ ھەریری) کە بە یٔایین یٔاشووری بوو، بکرێتە یەکەمین (قایمقامی قەزای چۆمان)، ھەروەھا حکوومەتی عێراق ناچار کرا دان بە مافی رۆشنبیریی پێکھاتەی تورکماندا بندرێت، تەنانەت ئەوکات پۆستی بریکاری وەزارەتێک لە حکوومەتی عێراق بەر پشکی کورد کەوت کە لەلایەن تورکمانێکەوە بەڕێوە دەبردرا، بارزانیی نەمر ڕەزامەندیی نەدا کە تورکمانەکە لاببردرێت، لە ڕووی مەزھەبییشەوە کوردانی فەیلی ھەمیشە ڕۆڵ و پێگەی دیاریان ھەبووە لە ڕیزی شۆڕشدا، کە بە ھاوکاری و کۆمەکی چەندین سەرمایەداری فەیلی، کەلوپەل و ئامێر و کەرستەی ئێزگەی دەنگی کوردستان کڕدرا، هەروەها بۆ یەکەم جاریش بە دەنگی (تالیب جەبار داود) کە کوردی فەیلی بوو، ئێزگە بە دروشمی (ئێرە دەنگی کوردستانە) دەستی بە کار کرد.

لە لایەکی دیکەشەوە، بۆ پشتیوانیکردن لە ئێزدییەکان کە ڕووبەڕووی شاڵاوی سەربازیی سوپای عێراق و بۆمبارانکردن و ڕاگواستن و تەعریب دەبوونەوە، بە بڕیاری بارزانیی نەمر لە ٢٥ی ئابی ١٩٧٣ یەکەمین مانگرتنی گشتی لە سەرتاسەری کوردستان ڕاگەیاندرا.

بێگومان ئەزموونی ساڵانی شۆڕشی ئەیلوول سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە بە کردار چەتری کۆکردنەوەی هەموو پێكهاتەکان بووە، ئێستاش دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە نیو سەدە بەسەر ھەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول (سەرۆک مەسعوود بارزانی) بەردەوامی بەم فەرھەنگە داوە بۆ داکۆکیکردن لە مافی ھەموو پێکھاتەکان، بۆ بنیاتنانی ئێستا و داھاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانمان و ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵگەیەکی مرۆڤدۆستانە کە تێیدا کەرامەتی مرۆڤ پارێزراو بێت، ئەمەش بووەتە مایەی بایەخ و ستایشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە سەرسامن بەو بایەخدان و ڕێزگرتنە، کە دواجار لەلایەن قەداسەتی پاپای ڤاتیکانەوە خەڵاتی ئاستبەرز پێشکەشی جەنابی (سەرۆک مەسعوود بارزانی) کرا ، کە تەنیا خەڵاتێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو ھەڵگری چەندین پەیامی مانادارە...