Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەرپرسی لقی ٢٣ بۆ KDP.info: دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ بەرهەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلولن

گوێڕ-KDP.info- بە ئامادەبوونی پێشمەرگە دێرینەکان، خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و بەرپرسانی حزبی و حکوومی و سەربازی، لە سنووری ناحیەی گوێڕ مەراسیمێکی شایستە بەبۆنەی یادی ٦٥ ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلول بەڕێوە چوو.

سەنگەر کانەبی گەورە، بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچووغی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ''ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی دەزگای باڵای ئەیلول و گوڵان، ژمارەیەکی بەرچاو لە پێشمەرگە تێکۆشەرەکانی شۆڕشی ئەیلول، خانەوادەی شەهیدان، بەرپرسانی حزبی و حکوومی و لەشکری، دەزگا ئەمنییەکان و دەیان کەسایەتیی دیاری پێکهاتەکانی کورد، عەرەب و برایانی کاکەیی، لە گوندی (گعێتل)ی سنوری ناحیەی گوێڕ مەراسیمێکی شایستە بەڕێوە چوو، هەروەها پیشانگەیەکیش بۆ نمایشکردنی وێنەکانی سەردەمی شۆڕش کرایەوە.

بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچووغ جەختی کردەوە، ''شۆڕشی مەزنی ئەیلول لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر بەرپا بوو، وەک گەورەترین شۆڕشی جەماوەری و سەرتاسەری، ئومێدی بۆ گەلی کوردستان گەڕاندەوە. هەموو ئەو دەستکەوتە نیشتمانی و دەستوورییانەی ئەمڕۆش لە هەرێمی کوردستاندا هەن، درێژکراوەی هەمان ئەو شۆڕشە مەزنەن.

سەنگەر کانەبی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا دروودی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلول و سەرجەم پێشمەرگە قارەمانەکان نارد، بەتایبەت سەرقافڵەی شەهیدان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد.