Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی شاندی دانوستاندنکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا

ھەولێر-KDP.info- شاندی باڵای دانوستاندنکاری ھەرێمی کوردستان لە بەغدا چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ وەزارەتی دارایی، وەزارەتی نەوت و  پلاندانانی عێراق کرد بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧.

ئەمڕۆ، ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، شاندی باڵای دانووستانکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا دەستی بە بەرنامەی کار و کۆبوونەوەکانی خۆی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ کرد، بە مەبەستی بەشداریکردن لە قۆناغی ئامادەکردن و گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٧ و جێگیرکردنی پشک و شایستە دەستووری و داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.

کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دارایی فیدڕاڵ

لە سەرەتادا، شاندەکە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەڕێز فالح ساری، وەزیری دارایی فیدڕاڵ و وەزیری پلاندانان بە وەکالەت، ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی ھەرێم بەشداریکردنی نوێنەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە قۆناغی گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجە لە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بە ھەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنی ھەڵسەنگاند و تێڕوانین و پێشنیارەکانی ھەرێمی کوردستانی سەبارەت بە پڕۆژە یاساکە خستەڕوو.

لەو چوارچێوەیەدا، جەخت لەسەر پێویستی جێگیرکردنی پشک و شایستەکانی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا کراوە، بە مەبەستی دانانی بنەمایەکی جێگیر و ڕوون بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان ھەردوو حکوومەت.

لە بەرامبەردا، وەزیری دارایی فیدڕاڵ پێشوازی لە بەشداری شاندی ھەرێم کرد و جەختی لە گرنگی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و ھەماھەنگی کردەوە، ھەروەھا دڵنیایی دایەوە کە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، لە ڕۆشنایی دەستوور و یاسا پەیوەندیدارەکاندا، بە دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکات.

کۆبوونەوە لە وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ

دواتر، شاندەکە سەردانی وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵی کرد و کۆبوونەوەیەکی ھاوبەش بە ئامادەبوونی بریکارانی ھەردوو وەزارەتی پلاندانان و بەڕێوەبەرانی گشتی پەیوەندیدار بە وەبەرھێنانی حکوومی ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی ھەرێم جەختی لەوە کردەوە کە ھەرێمی کوردستان شایستەی پشکی خۆیەتی لە تەرخانکراوەکانی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان، بە گوێرەی دوا دەرئەنجامی سەرژمێریی گشتی دانیشتوان، سەرباری تەرخانکراوەکانی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی ھەرێم و پارێزگاکان و پترۆ دۆلار.

ھەروەھا، داوای جێگیرکردنی شایستەی ھەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی پشکی خۆی لە قەرز، ھاوکاری و بەخشینە نێودەوڵەتییەکان کرا، بەو پێیەی ھەرێمی کوردستان بە ڕێژەی پشکی خۆی لە بەرپرسیارێتی گەڕاندنەوەی ئەو قەرزانە و سوودەکانیان بەشدارە؛ بۆیە پێویستە لە تەرخانکراوە و سوودەکانیانیش بە ھەمان بنەما بەشدار بێت.

لە بەرامبەردا، شاندی وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ پێشوازی لە پێشنیارەکان کرد و ئامادەیی خۆی بۆ تاوتوێکردنیان لە قۆناغی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجە دەربڕی. ھەردوولاش لەسەر بەردەوامی ھەماھەنگی تەکنیکی و یاسایی لەم بوارەدا ڕێککەوتن.

کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ

لە بەردەوامی بەرنامەکەدا، شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ کۆبووەوە، بە ئامادەبوونی وەزیری نەوت، بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییە پەیوەندیدارەکان.

ئەجیندای کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی ئەو بڕگانەی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٧ کە پەیوەندییان بە کەرتی نەوتەوە ھەیە، لەوانە تێکڕای بڕی نەوتی خەمڵێنراو بۆ ھەناردەکردن، بە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستانیشەوە، نرخی خەمڵێنراوی بەرمیلێک نەوت بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٧ و بڕی نەوتی تەرخانکراو بۆ بەکارھێنانی ناوخۆ.

شاندی ھەرێم جەختی لەوەش کردەوە کە نەوتی بەرھەمھاتووی ھەرێم بۆ ھەناردەکردن ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت، لە بازاڕە جیھانییەکان دەفرۆشرێت و داھاتەکەی بۆ خەزێنەی فیدڕاڵ دەگوازرێتەوە؛ ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە بۆ بەھێزکردنی ھاوکاری نێوان ھەردوو حکوومەت و زیادکردنی داھاتی گشتیی فیدڕاڵ.

لە بەرامبەردا، وەزیری نەوت و شاندی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ پێشوازییان لە تێبینی و پێشنیارەکان کرد و جەختیان لە بەردەوامی ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش کردەوە، بۆ گەیشتن بە داڕشتنێکی ھاوسەنگ و کرداری بۆ بڕگە نەوتییەکانی بودجەی ٢٠٢٧ و مسۆگەرکردنی بەردەوامی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی نەوت

لە کۆی کۆبوونەوەکاندا، جەخت لەسەر چارەسەرکردنی بابەتە ھاوبەشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ، ھەماھەنگی و پابەندبوون بە بنەما دەستووری و یاساییەکان کرایەوە، بە ئامانجی جێگیرکردنی ماف و شایستەکانی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٧ و بەھێزکردنی ھاوکاری دارایی و ئابووری نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ.

شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەختی لە پابەندبوونی ھەرێم بە جێبەجێکردنی ئەرک و پابەندییە دەستووری و یاساییەکانی کردەوە، لە بەرامبەردا جەختی لە بەرپرسیارێتی حکوومەتی فیدڕاڵ کردەوە بۆ دابینکردن و جێگیرکردنی پشک، ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، بە تایبەتی مووچە و ماف و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی ھەرێم، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و ھاوشێوەی ھاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.