Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بە فه‌رمانی مه‌سروور بارزانی ماسته‌رپلانی چه‌قی شاری هه‌ولێر داده‌نرێت

ھەولێر-KDP.info- لەسەر فەرمانی ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ماستەرپلانی چەقی شاری ھەولێر دادەنرێت، ئەمڕۆ چوارشەممەش‌ ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەرپەرشتیی یەکەمین کۆبوونەوەی پڕۆژەکەی کرد بە مەبەستی ئامادەکردن و دانانی ماستەرپلانی پڕۆژەکە.

لە کۆبوونەوەیەدا‌ ڕاوێژکاری وەزارەت، بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی، سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر، بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانی ھەولێر و کۆمپانیای تیم ئینتەرناشنال و ژمارەیەکی تر لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و ئەندازیاران و تیمی جێبەجێکاری پڕۆژەکە ئامادە بوون.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تیشکی خستە سەر دیدگا و ڕوانگەی ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کابینەی نۆیەمی حکوومەت لە گرنگیدان بە پڕۆژەی دانانی ماستەرپلان و بەتایبەتی دانانی ماستەرپلانی چەقی شاری ھەولێر، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش کرد ئەم پڕۆژەیە نەک تەنیا بۆ ھەولێر‌، بەڵکوو بۆ ھەرێمی کوردستان گرنگە، بەوپێیەی ھەولێر پایتەختی ھەرێمی کوردستانە و‌ ڕۆژانە زۆرترین گەشتیاری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و پارێزگەکانی تری عێراق و وڵاتانی ناوچەکە ڕوو لەو زۆنە گرنگەی شاری ھەولێر‌ دەکەن. 

‌پڕۆژەی ماستەرپلانی چەقی شاری ھەولێر‌ یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و‌ لەسەر داھاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەکرێت. 

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی کردەوە کە لەو پڕۆژەیەدا بایەخی زۆر بە پاراستنی ناسنامە و کولتوور و کەلەپوور و خانوو و گەڕەکە کۆنەکانی چەقی شاری ھەولێر دەدرێت و کاریگەریی لەسەر بووژانەوەی ئابووری و ژیاندنەوەی شوێنە فەرامۆشکراوەکانی چەقی شاری ھەولێر دەبێت. ھەروەھا ڕەچاوی بوارەکانی جوانکاری، خزمەتگوزاری، ئابووری، ژینگەیی، کولتووری، شوێنەواری، ھاتوچۆ و گواستنەوە و تەلارسازی و گەشتیاری و چەندین بواری دیکەش دەکرێت. 

ساسان عەونی‌، فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد گرنگی زۆر بەو بابەتە بدەن و بەردەوام کاری لەسەر بکەن بۆ ئەوەی لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا تەواو بکرێت و لە سوودی شاری ھەولێر و ھاووڵاتییانی شارەکەدا بکەوێتەوە.