Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارێزگاری هەولێر بۆ KDP.info: بۆ وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ پێشبینییەکانمان ئەرێنین

هەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی دابارین، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگا کۆمەڵێک ئامادەکاری و هەماهەنگیی جدی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەست پێ کردووە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو و پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکان، ئاودێری، پاراستنی ڕێگەوبان، ئاوەڕۆ و ناوەندی قەیرانەکان لە هەماهەنگیی بەردەوامدایە تاوەکو کاریگەرییەکانی بارانبارین کەم بکرێنەوە و ڕێگری لە دروستبوونی لافاو بکرێت.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بە کاریگەریی پڕۆژەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، ''بەهۆی پڕۆژەکانی ساڵانی ڕابردوو، لەوانە پاککردنەوە و ڕێکخستنی ڕێڕەوە سروشتییەکانی ئاو، دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەیی و سندووقی لە گەڕەکە جیاوازەکانی هەولێر، هەروەها دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان، مەترسییەکانی کۆبوونەوەی ئاو و لافاو بە ڕادەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە.

لە بەراوردێکدا لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو، ئومێد خۆشناو ڕوونی کردەوە، ''بڕی بارانبارینی ساڵی ڕابردوو چوار هێندەی ساڵانی پێشووتر بوو، بەڵام خۆشبەختانە هیچ ڕووداوێکی گەورەی لافاو یان کۆبوونەوەی ئاو لە هەولێر ڕووی نەدا، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ کاریگەریی پلانە ستراتیجییەکان و سەرکەوتنی پڕۆژەکان.

پارێزگاری هەولێر جەختی کردەوە، ''بۆ وەرزی بارانبارینی ئەمساڵیش پێشبینییەکانمان ئەرێنین و پەرەی زیاتر بە هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەدەین.

 

ئەژێن غەفار