Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا

ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ سێشەممە، ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە شاری بەغدا، بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ.

شاندەکە پێکهاتووە لە وەزیرانی دارایی و ئابووری و سامانە سروشتییەکان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و بریکاری وەزارەتی پلاندانان.

بڕیارە شاندەکە سەرەتا لەگەڵ وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ و دواتریش لەگەڵ وەزارەتەکانی پلاندانان و نەوت کۆببێتەوە.

ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە، بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە ئامادەکردنی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵ بۆ ساڵی داراییی ٢٠٢٧ و جێگیرکردنی پشک و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاساکەدا.

لە کۆبوونەوەکاندا، شاندی حکوومەتی هەرێم تێڕوانین و داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە تەرخانکراوی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران و پلە و میلاکی وەزیفی، تەرخانکراوی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان، تەرخانکراوی بودجەی بەکاربردن و هەروەها دۆسیەی نەوت دەخاتەڕوو.

ئامانج لەم کۆبوونەوانە، گەیشتنە بە تێگەیشتن و ڕێککەوتنێکی هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ و جێگیرکردنی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدڕاڵی ساڵی ٢٠٢٧دا