Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە زاخۆ ڕێز لە ھۆزانڤانی کورد (مستەفا حسێن) دەگرێت

ھەولێر-KDP.info- بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک ڕێوڕەسمێکی شایستەی ڕێزلێنانی بۆ هۆزانڤان و پێشمەرگەی دێرین، مستەفا حسێن، لە شاری زاخۆ ڕێکخست.

ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ٩ی ٢٠٢٦، لە ھۆڵی شەھیدان لە شاری زاخۆ، بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک و ژمارەیەک لە ئەندامانی بەش، بەرپرسانی حزبی و حکوومی و بەشداریی بەرفراوانی نووسەران، ڕۆژنامەڤانان، ئەدیبان، شاعیران و ڕۆشنبیرانی زاخۆ و دەڤەرەکە، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن ڕێوڕەسمێکی شایستەی ڕێزلێنانی بۆ ھۆزانڤانی کورد، مستەفا حسێن، بە ناونیشانی (مستەفا حسێن.. ئاوازەکا شرین د ناڤ پێلێن خابیری دا) ڕێکخست.

‎لە ڕێوڕەسمەکەدا، فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری نمایش کرا، کە تێیدا وێنە، بەڵگەنامە و وێستگە جیاوازەکانی ژیان و خەباتی چەکداری و ئەدەبیی ھۆزانڤان مستەفا حسێن خرانەڕوو.

د. سالار عوسمان وتاری بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پێشکەش کرد. لە وتارەکەیدا، بە گرنگی و بایەخێکی زۆرەوە تیشکی خستە سەر خەبات و ڕۆڵی مێژوویی مستەفا حسێن و ڕایگەیاند: "مستەفا حسێن وەکوو پێشمەرگە و وەکوو ھۆزانڤانێک، لە ڕێگەیەکی ڕاست و لەسەر ڕێبازێکی ڕاست خەباتی کردووە، کە ئەویش ڕێبازی بارزانیی نەمر و پارتی دیموکراتی کوردستانە.

ھەروەھا گوتی: ئێمە بە شانازییەوە ڕێز لە قەڵەمە ڕەسەنەکەی دەگرین، چونکە ئەمە ئەو پەیڤە ڕەسەنەیە کە دەبێتە باڵی فڕین، ئەمە ئەو ھۆنراوە شۆڕشگێڕییەیە کە دەبێتە تفەنگی پێشمەرگە. ئەمانە ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی بارزانیی نەمرن کە دوێنێ لە سەنگەرەکانی شۆڕشی ئەیلوول، گوڵان، ڕاپەڕین و شەڕی داعشدا بوون و ئەمڕۆش بە قەڵەم و ھەڵوێستەکانیان بەرگریکاری سەرسەختی کوردستانن."

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، نووسەر فەرھاد حاجی خوێندنەوە و شرۆڤەی بۆ تێکستە شیعرییەکان و شیعرەکانی مستەفا حسێن کرد.

لە کۆتاییی ڕێوڕەسمەکەدا، وەک پێزانینێک بۆ تەمەنێک لە خەبات و ئافراندنی ئەدەبی، خەڵاتی ڕێزلێنان و وەفاداری پێشکەش بە مامۆستا مستەفا حسێن کرا.

سێ نوێترین بەرھەمی چاپکراوی ھۆزانڤان، کە بە پاڵپشتیی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن چاپ کرابوون و پێکھاتبوون لە پەرتووکەکانی (پێتێن مشەختیێ، دەرمانێ ڕشتی، ھەڵبەستەنیگار)، پێشکەش بە میوانان و ئامادەبووان کران.