Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

​وەزارەتی ناوخۆ بۆ KDP.info باسی پڕۆژەی ڕیفۆرمی ٤ ساڵەی پۆلیس دەکات

ھەولێر-KDP.info- بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ئەدای ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ڕێکخستنەوەیان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی چوار ساڵەی بۆ چاکسازیی بنەڕەتی لە پێکھاتە و شێوازی کاری پۆلیسدا دەستپێکردووە، پڕۆژەیەک کە ئامانجی سەرەکیی گۆڕینی فۆرمی تەقلیدیی پۆلیسە بۆ ھێزێکی سەردەمییانە و لەخزمەت ھاووڵاتییاندا.

​دکتۆر ھێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "پۆلیسی کوردستان ھەمیشە بە دڵسۆزییەوە ئەرکی پاراستنی سەروماڵ و ئاسایشی ھەرێمی گرتووەتە ئەستۆ، بەڵام ھاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژی و سەردەمییەکان، پێویست دەکات ھێزەکانی پۆلیس خۆیان نوێ بکەنەوە. لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت و بڕیاری وەزیری ناوخۆ، ڕێکارەکانی ئەم پڕۆژە چوار ساڵەیەی چاکسازی دەستیپێکردووە."

​بەڕێوەبەری گشتیی دیوان ئاماژەی بە ڕەوتی مێژوویی کارکردنی پۆلیس کرد و گوتی، "لە سەردەمی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە، پۆلیس وەک ئامرازێکی سەرکوتکاری دەسەڵات دژی خەڵک بەکارھێنراوە، بۆیە ئەرکی ئێمەیە لە دوای ساڵی ١٩٩٢وە فۆرمێک لە پۆلیس پێشکەش بکەین کە شایستەی حکومڕانیی کوردستان بێت و بە تەواوی ئاسەواری عەسکەرتاریەت لە دامودەزگاکانی پۆلیسدا بسڕێتەوە."

​دکتۆر ھێمن میرانی جەختی لەسەر گرنگیی بەھێزکردنی متمانەی نێوان کۆمەڵگە و ھێزەکانی ئاسایش کردەوە و گوتیشی، "دەمانەوێت ھاووڵاتییان خۆیان بە ھاوبەشی سەرەکیی پاراستنی ئاسایش بزانن و وەک چاوی پۆلیس لە ڕێگریکردن و ئاگادارکردنەوە لە تاوانەکان ڕۆڵ بگێڕن. لە ئێستاشدا ئامادەکاری و ڕاھێنانی بەردەوام بۆ کارمەندان دەستپێکراوە تاوەکو کارەکانی پۆلیس بە تەواوی ببنە خاوەن ستانداردێکی بەرز و لە ئاستی داواکارییەکانی سەرجەم ھاووڵاتییاندا بن."

 

 بڵند ئیبراھیم