سلێمانی-KDP.info- لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا، بە گرنگییەکی زۆرەوە باس لە پاراستنی ژینگە و پەرەپێدانی سروشت کراوە. مامۆستایانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەوە دەکەنەوە کە زیاننەگەیاندن بە دارستانەکان، ئاژەڵان و باڵندە کێوییەکان ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکە، هاوکات پابەندبوون بە ڕێنمایی و یاساکانی حکوومەت لەم بوارەدا، هاوتای جێبەجێکردنی فەرمانەکانی پەروەردگارە.
لەوبارەیەوە مامۆستا سدیق محەمەد، پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتی بانی خێڵان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "پاراستنی سروشت ئەرکێکی ئایینییە و دەبێت هەموومان پارێزگاری لە دار و دارستانەکان، پەلەوەر و ئاژەڵە کێوییەکان بکەین. پێغەمبەر محەمەد (د.خ) کاتێک تەشریفی برد بۆ مەککە، فەرمووی: ئاگاتان لە داری بەردار بێت، درەختەکان جگە لەوەی دیمەنێکی جوان دەبەخشن، ئۆکسجینیش بۆ مرۆڤ دابین دەکەن."
مامۆستا سدیق دەشڵێت، "پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) دەفەرموێت، ئەگەر باڵندەیەک بەبێ ئەوەی سوودی لێ ببینی بکوژیت، لە ڕۆژی قیامەتدا زیندوو دەبێتەوە و بەرامبەر بکوژەکەی لای خوا سکاڵا دەکات. ئەوانەی زیان بە درەخت و باڵندە و ئاژەڵەکان دەگەیەنن تاوانبار دەبن، بۆیە ئەرکی سەرشانی هەموو مرۆڤێکە پەرە بەم سروشتە جوانە بدات."
لای خۆشیەوە، مامۆستا مەزهەر موفتی، وتاربێژ لە مزگەوتی حاجی محەمەدی چەمی سپۆرت لە سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، "پێغەمبەر محەمەد (د.خ) کاتێک سوپای دەنارد بۆ غەزا، پێی دەفەرموون نەچن زیان بە دار و هەنگ بگەیەنن و شوێنەکان بسوتێنن. هەروەها پێمان دەفەرموێت ئەگەر درەختێکتان بە دەستەوە بوو و قیامەتیش هەستا، نەمامەکە بچێنن، واتە دەبێت ژینگەدۆست بن و بەزەییتان بۆ دارستانەکان هەبێت."
مامۆستا مەزهەر ڕوونیشی کردەوە، "کوشتنی باڵندە و ئاژەڵەکان و سووتاندنی پوش و پاوان تاوانە و نیشانەی تێنەگەیشتنە لە ژینگەکاریی. ڕێکارەکانی حکوومەت بۆ پاراستنی سروشت چ لە ڕێگەی شەرعییەوە بێت یان یاسایی، جەخت لە ژینگەدۆستی دەکەنەوە، بەپێی شەرعیش پابەندبوون بە یاساکان پابەندبوونە بە فەرمانی پەروەردگار کە ئەرکە لەسەرمان جێبەجێی بکەین."
هاوکات مامۆستا فارس محەمەد، پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتی سەلاحەددین لە سەیدسادق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا لە سوورەتی (الرحمن) باسی گژووگیا دەکات، بۆیە دەبێت ئێمە ژینگە بپارێزین و خۆشمان بووێت. جوانکاریی وڵاتی ئێمە بەردەوام ئەوە بووە کە خەڵکەکەی گرنگییان بە سروشت و پاراستنی داوە."
مامۆستا فارس زیاتر گوتی، "کاتێک تۆ دەبیتە هۆی سووتاندنی پوش و پاوان لە شاخێکدا و مێروولەیەک تووشی زیان دەبێت، تۆ گوناهبار دەبیت و گوناهێکی لەبیرنەکراوە. هاووڵاتیانی ئێمە کە زۆر باسی دەوڵەتانی ئەوروپا دەکەن بەوەی گرنگی زۆر بە دار و درەخت دەدەن و سروشتی خۆیان دەپارێزن، دەبێت بزانن لە ئیسلامیشدا وابووە، بۆ نموونە کاتێک دەچیت بۆ حەج، ئەگەر دارێک ببڕیتەوە فیدیەی لەسەرە. خوای گەورە دەفەرموێت ئەرکی ئێمە لەسەر زەوی ئاوەدانکردنەوەیە، دارناشتن، ڕازاندنەوە بە گوڵ و زیادکردنی ئاژەڵ و پەلەوەرەکانیش بەشێک لە ئاوەدانیی زەوین."
ئەوەشی خستەڕوو، "زانایانی گەورەی ئێمەش هەمیشە ژینگەدۆست بوون، مامۆستا عەبدولکەریمی مودەرریس کتێبێکی هەیە بەناوی (بەهار و گوڵزار) کە پێویستە هەموو وتاربێژەکان بیخوێننەوە. ئیمامی شافعی دەفەرموێت: تێڕوانین لە ئاو، سەوزایی و دەموچاوی نوورانی، دڵتەنگی ناهێڵن و دڵخۆشت دەکەن. بەم پێیە پاراستنی باڵندە، ئاژەڵ و دارستانەکان ئەرکێکی سەرشانی هەمووانە."
عەزیز ڕەسووڵ