Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ژاکاو عەبدوڵڵا وردەکاریی دامەزراندنی ٢٥٠ کەس لە هەڵەبجە بۆ KDP.info دەخاتەڕوو

هەڵەبجە-KDP.info- ژاکاو عەبدوڵڵا، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان وردەکاریی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دامەزراندنی ٢٥٠ هاووڵاتی لە فەرمانگەکانی پارێزگای هەڵەبجە دەخاتە ڕوو و دەڵێ، لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە گفتوگۆی وردمان سەبارەت بە پرۆسەی دامەزراندنی ٢٥٠ هاووڵاتی بۆ فەرمانگەکانی سنووری پارێزگاکە کرد.

ژاکاو عەبدوڵڵا، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''وەکو نووسینگەی هەڵەبجەی پەرلەمانی کوردستان سەردانی دیوانی پارێزگای هەڵەبجەمان کرد و لەلایەن نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجەوە پێشوازیمان لێ کرا و لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆی وردمان سەبارەت بە پرۆسەی دامەزراندنی ٢٥٠ هاووڵاتی بۆ فەرمانگەکانی سنووری پارێزگاکە کرد.

ژاکاو عەبدوڵڵا گوتیشی، ''بە مەبەستی لەنزیکەوە چاودێریکردنی پرۆسەکە و دڵنیابوونەوە لە شێوازی کارکردنیان، سەردانی لیژنەی ئەنجوومەنی ڕاژە و لیژنەی پارێزگای هەڵەبجەمان کرد کە ئەرکی هەڵسەنگاندنی داواکاریی پێشکەشکارانیان لەئەستۆدایە، لەم پرۆسەیەدا کە بە شێوازی ئۆنلاین بەڕێوە چوو، ٩ هەزار و ٦ هاووڵاتی فۆرمی داواکارییان پێشکەش کردبوو، لەو نێوەندەشدا ٢٥٠ کەس بەپێی سیستمی خاڵبەندی بۆ ٣٢ پسپۆڕیی جیاواز هەڵبژێردراون.

دەربارەی ڕێژەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، ژاکاو عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ''ڕێژەی پێنج لەسەدا (٥٪)ی کورسییەکان کە دەکاتە ١٣ داواکار، بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان تەرخان کراوە، هاوکات بەهۆی دووریی ڕێگە و گرفتی هاتووچۆوە، تایبەتمەندیی تەواو بە هەردوو ناحیەی بیارە و بەمۆ و شارەدێی تەوێڵە دراوە، بە شێوازێک کە دامەزراندن لەو شوێنانە تایبەت بێت بە دانیشتووانی خۆیان.

ژاکاو عەبدوڵڵا لە کۆتاییی لێدوانەکەیدا بۆ KDP.info ڕوونی کردەوە، ''بڕیارە پاش تەواوبوونی ڕێکارە یاساییەکان لەلایەن لیژنەکەوە، ناوەکان ئاراستەی پارێزگا بکرێن و دواتریش دەرگای تانەدان و سکاڵا بۆ هەموو ئەو پێشکەشکارانە بکرێتەوە کە تێبینییان لەسەر پرۆسەکە هەیە.

 

عەزیز ڕەسووڵ