هەولێر-KDP.info- بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای حزبی و ئیداری، بەڕێوەچوونی کەمپینی نیشتمانیی (ئاڵاکەمان) کە بۆ بەرزڕاگرتنی شکۆی ئاڵای کوردستان لە سلێمانییەوە دەستی پێ کردبوو، لە ڕێوڕەسمێکدا لە هەولێری پایتەخت کۆتایی پێ هات.
ئێوارەی ئەمرۆ پێنجشەممە 2026.9.3، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو. پارێزگاری هەولێر و زانا مەلاخالید، بەرپرسی لقی2ـی پارتی و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی کوردستان فاوندەیشن و ژمارەیەکی تر لە بەرپرسانی ئیداری و حکوومی، دامەزراوەی کوردستان فاوندەیشن، لە ڕێورەسمێکدا کۆتایی بە کەمپەینی نیشتیمانیی (ئاڵاکەمان) هێنا کە هەنگاوێکی سەرتاسەرییە بوو بۆ نوێکردنەوە و بەرزڕاگرتنی شکۆی ئاڵای کوردستان و، لە پارێزگای سلێمانی دەستیپێکرد و ئەمڕۆش لە پارێزگای هەولێر کۆتایی پێهات.

لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر، لە وتارێکدا وێڕای دەستخۆشی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە نیشتیمانیە، هەموو پاڵپشتیەكی فەرمانگە و دامەزراوەکانی سنووری پارێزگای هەولێری بۆ بەردەوامیدان و فروانی هەڵمەتەكە دووپاتكردەوە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئاڵا هێمای یەکڕیزی و وەفادارییە بۆ خوێنی شەهیدانمان.
هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی ستراتیژی و مێژوویی ئاڵای کوردستان کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، کە ئاڵای کوردستان تەنها هێمایەکی نیشتمانی نییە، بەڵکو چەترێکی کۆکەرەوەیە کە سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکان لەژێر سایەیدا کۆدەکاتەوە و سیمبولی ئەو قوربانییە بێشومارانەیە کە گەلەکەمان لە پێناو ئازادی و سەرفرازیدا بەخشیویەتی.
ڕاشیگەیاند، ئەم ئاڵایە میراتێکی مێژووییە کە چیرۆکی خەباتی بەردەوامی گەلێک بۆ چەسپاندنی مافەکانی دەگێڕێتەوە و پاراستنی شکۆ و پیرۆزیی ئاڵای کوردستان، ئەرکێکی نیشتمانی و مێژوویی هەموو لایەکمانە.
جێگەی باسە، ئامانجی دامەزراوەی کوردستان فاوندەیشن لەم کەمپەینەدا، جگە لە جەختکردنەوە لەسەر ئەو ناسنامە نیشتمانییە هاوبەشەی کە تەواوی پێکهاتەکان لەژێر یەک چەتری نیشتمانیدا کۆدەکاتەوە، هاوکات، دەیەوێت شکۆی ئاڵای کوردستان ببێتە ئامادەییەکی زیندوو لە ژیانی ڕۆژانەی هەمووماندا، تا ڕەنگی ئاڵاکەمان وەک باڵاترین هێمای سەربەرزی، هەمیشە لە ئاسمانی نیشتماندا بە شەکاوەیی بمێنێتەوە.
