شێخان-KDP.info- قایمقامی قەزای شێخان ڕایگەیاند، بەمەبەستی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی کەمئاوی لە سنووری قەزای شێخان، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی ئاو جێبەجێ بکات.
سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "لە زۆرێک لە گوندەکانی دەڤەری شێخان کێشەی کەمئاوی ھەیە، ھەرچەندە تا ڕادەیەک ڕێگەچارەمان گرتووەتە بەر، بەڵام بەھۆی نەبوونی سەرچاوەی ئاو و بەرفراوانیی سنوورەکە کە لە ١٩٠ گوند پێکھاتووە، چارەسەرکردنی کێشەکە بەبێ پڕۆژەیەکی ستراتیژی زەحمەت بوو."
قایمقامی شێخان گوتیشی، "لەلایەن پارێزگاری دھۆکەوە نووسراو ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی کراوە و لەوێشەوە بەرزکراوەتەوە بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ھەوڵێک بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان دەدات و لەو چوارچێوەیەدا بەم نزیکانە پڕۆژە ستراتیژییەکە دەست پێ دەکات."
دەربارەی پڕۆژەکانی دیکەش، سەردار شێخ یەحیا ئاماژەی بەوە کرد کە حکوومەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگی لە سێکتەرەکانی پەروەردە، تەندروستی، ڕێگەوبان، ئاو و کارەبا لە سنووری قەزای شێخان ئەنجام داوە.
قائید میرۆ