Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی و ئیمارات ئاسۆیەکی نوێی هاوبەشیی ستراتیژی

د. سامان سۆرانی

پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو تەنیا پەیوەندییەکی دیپلۆماسیی ئاسایی و پرۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکو هاوبەشییەکی ستراتیژیی قووڵ و فرەڕەهەندە کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش، سەقامگیریی هەرێمایەتی و گەشەپێدانی ئابووری داڕێژراون.

لە ڕوانگەی تیۆریی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە، لە ناوچەیەکی ئاڵۆزی وەکوو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکاریی نێوان هەولێر و ئەبوزەبی نموونەیەکی سەرکەوتووی دیپلۆماسی و بەیەکەوەبەستنی بەرژەوەندییەکانە بۆ بەدیهێنانی ئارامی و گەشەپێدان.

لە سەرانسەری ئەم ڕەوتی گەشەسەندنەدا، بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆڵێکی سەرەکی و دەستپێشخەرانەی گێڕاوە لە گۆڕینی ئەم پەیوەندییانە بۆ هاوبەشییەکی ستراتیژیی درێژخایەن. سەردانە فەرمی و بەردەوامەکانی بەڕێزیان بۆ ئیمارات و پێشوازی لێکردنی گەرم لە بەرزترین ئاستی سه‌رکردایەتیی ئەو وڵاتە، لە سەرۆکی دەوڵەت شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان تا جێگری سەرۆکی دەوڵەت شێخ محەممەد بن راشد ئال مەکتوم، نیشانەی ڕێزێکی قووڵی دیپلۆماسی و متمانەی بەرزی نێودەوڵەتییە بە ئیرادە و دیدگای گەشەپێدانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان. ئەم جووڵە دیپلۆماسییانە ڕەنگدانەوەی ستراتیژیەتی دیپلۆماسیی ئابووری و تیۆریی بەستنەوەی بەرژەوەندییە ژێرخانییەکانن، کە توانیویانە هەرێمی کوردستان وەکو کارەکتەرێکی کار و دەستووری ڕێزلێگیراو، بەرپڕسیار و سەقامگیر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشان بدەن.

هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان هەولێر و ئەبوزەبی لەسەر چەندین پایەی بەیەکەوەبەستراو ڕاوەستاوە. ئەگەر لە ڕەهەندی جیۆپۆلیتیکی و دیپلۆماسی بکۆڵینەوە، ئەوا هەردوو لا هاوڕان لەسەر دکتۆرینی ئاسایشی هەرێمایەتی و پێویستیی هێورکردنەوەی گرژییەکان، دژایەتیکردنی توندڕەوی، و بەهێزکردنی کلتووری پێکەوەژیان و لێبوردەیی. بە لێکۆڵینەوە لە ڕەهەندی ئابووری و وەبەرهێنان، لەسەر بنەمای تیۆریی کارایی بازار و ڕاکێشانی سەرمایەگوزاریی بیانی، ئەوا کارکردنی کۆمپانیا گەورەکانی ئیمارات لە هەرێم، بەتایبەت لە کەرتەکانی وزە، ژێرخان و بوارە جۆراوجۆرەکانی وەبەرهێنان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە ئیمارات هەرێمی کوردستان وەکو دەروازەیەکی ئارام و زەمینەیەکی بەپیت بۆ وەبەرهێنانی درێژخایەن دەبینێت. هاوکات، دیدگای سەرۆکی حکوومەت لە چاکسازی و بە دیجیتاڵکردنی دامەزراوەکان، سوودوەرگرتن لە مۆدێلی سەرکەوتووی حوکمرانی و کارگێڕیی ئیمارات لەخۆدەگرێت، کە بەشداریی کارای بەڕێزیان لە لووتکە جیهانییەکان بەڵگەی ئەو هاوکارییە هزری، دامەزراوەیی و کارگێڕییە بەرزەی نێوانیانە.

بەهێزبوونی بەردەوامی پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەبوزەبی، بە تایبەتی لە ڕێگەی کونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەولێر و دیالۆگی بەردەوامی ئاستبەرز، گەرەنتیی ئەوە دەدات کە ئەم هاوبەشییە لە ڕەهەندی کلاسیکییەکەیەوە بەرەو هاوکاریی فرەچەشن لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا، دروستکردنی دەرفەتی کار، و ئاسایشی خۆراك هەنگاو بنێت. هەوڵە بەردەوامەکان و دیپڵۆماسییە کاراکەی سەرۆکی حکوومەت مەسروور بارزانی لەم ئاڕاستەیە، پێگەی هەرێمی کوردستان لە سەر نەخشەی دیپلۆماسیی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی قووڵتر و بەهێزتر دەکات و بنەمایەکی تۆکمە بۆ پاشەڕۆژێکی پرشنگدارتر بۆ هەردوو گەلی کوردستان و ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو دادەمەزرێنێت.

لە ڕووی مێژوویی و سیاسییەوە، ئەم هاوبەشییە درێژەپێدەری ئەو رێبازە دیپلۆماسییەیە کە لەسەر دەستی باوکی روحی نەتەوەی کورد مستەفا بارزانی بۆ دروستکردنی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ جیهانی عەرەبی، و ڕوانگەی دووربینانەی شێخ زاید بن سولتانی ئال نەهیان بۆ میانڕەوی و هاوکاریی ناوچەیی بناخەی بۆ دانراوە.

تێکەڵبوونی ئەم دوو قوتابخانە سیاسییە لە سەردەمی نوێدا، لە ڕێگەی دیپلۆماسیی چالاکی مەسروور بارزانی و هاوئاهەنگیی لەگەڵ سەرکردایەتیی ئیمارات، نەک تەنیا ڕێزگرتنە لە مێژووی پەیوەندییەکان، بەڵکو گۆڕینی ئەو میراتە مێژووییەیە بۆ هێزێکی سیاسیی هاوچەرخ کە توانای داڕشتنەوەی هاوسەنگیی هێز و بەدیهێنانی سەقامگیریی درێژخایەنی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.