Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی حوسێن: ئافرەتانی کورد لە شۆڕش، ئاوەدانی و حکومڕانیدا ڕۆڵی دیاریان ھەبووە

سلێمانی-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-ھەڵەبجە-ڕاپەڕین پێشوازی لە شاندێکی ئەکادیمیای ژنان بۆ سەرکردایەتی لە عێراق کرد و پشتیوانیی پارتی بۆ پێگەیاندن و بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاریی ئافرەتان دووپات کردەوە.

ئەمڕۆ ١ی ئەیلولی ٢٠٢٦، عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-ھەڵەبجە-ڕاپەڕین، بە ئامادەبوونی ساناو فەرەیدون جوانڕۆیی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب و ھەڤاڵانی مەکتەب، پێشوازی لە دکتۆرە بەسمە حەبیب، سەرۆک و شاندێکی باڵای ئەکادیمیای ژنان بۆ سەرکردایەتی لە عێراق کرد کە ئامانجیان پێگەیاندنی توانای سیاسیی ژنانە و لە نوێنەری لایەنە سیاسییە جیاوازەکان پێکھاتوون.

لە دیدارەکەدا عەلی حوسێن تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ئافرەتان لە بەشداریی کارایان لە شۆڕش، ئیدارەدان و پشتیوانیکردنی پیاواندا و گوتی: "ئافرەتی کورد ھیچی لە پیاوان کەمتر نەبووە؛ شان بەشانی پیاوان و لەپاڵ ئەرکی دایکایەتی و کاری ماڵدا، لە شۆڕشدا بەشدار بوون و ئێستاش لە ئاوەدانی و حکومڕانیدا جێدەستیان دیارە." جەختیشی کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمیشە بایەخی بە ئافرەتان داوە و مافەکانیانی پاراستووە، ھەروەھا سەرۆک مەسعود بارزانی ھەمیشە داکۆکیکاری سەرەکیی مافەکانی ئافرەتان بووە.

ناوبراو دەستخۆشی لە کارەکانی شاندەکە کرد و ڕایگەیاند: "ھاوکار و پشتیوانتان دەبین بۆ باشتر جێبەجێکردنی کارەکانتان و بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری و پێگەیاندنی ئافرەتان."

لە بەرامبەردا، دکتۆرە بەسمە، سەرۆکی ئەکادیمیاکە، بەوردی باسی لە پرۆژە و چالاکییەکانی ڕێکخراوەکەیان کرد. ھاوکات چنور حسێن، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند کە ئەکادیمیاکە لە ساڵی ٢٠١٧وە دامەزراوە و نوێنەری زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی عێراقی تێدایە. گوتیشی پرۆژەی ئێستایان بۆ ماوەی ساڵێک بەردەوام دەبێت و لە ڕێگەی گفتوگۆ، مێزگرد و وۆرکشۆپەوە کار بۆ بەرزکردنەوەی ھۆشیاری و پێگەیاندنی ژنانی سەرکردە دەکات.