هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، لە کۆتایی ئەم مانگەدا بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیادکردنی مووچەی خانەنشینانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و کەمترین مووچە دەکرێتە ٥٠٠ هەزار دینار.
مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "لە ئەنجومەنی وەزیران سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەندی لەسەر زیادکردنی مووچەی ١,٠٠٨ خانەنشینی دەستەبەری کۆمەڵایەتی داوە، کە مووچەکانیان لە خوار ٥٠٠ هەزار دینارەوە بوو و سەرجەمیان بۆ ٥٠٠ هەزار دینار بەرز دەکرێنەوە."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێنماییە پێویستەکان لەلایەن هەردوو وەزارەتی دارایی و کاروباری کۆمەڵایەتی ئامادەکراون و تەنیا پەسەندکردنی کۆتاییان ماوە. جەختیشی کردەوە کە لە کۆتایی ئەم مانگەدا مووچەی ئەو خانەنشینانە بە هاوکاریی زیادکراوەوە دابەش دەکرێت.
بڵند ئیبراهیم