Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتیدا، لقی ١٨ی ئامێدی شەڕەفی ئەندامێتی دەبەخشێتە سەدان ھاووڵاتی

​ئامێدی-KDP.info- بەبۆنەی ساڵیادی ١٦ی ئاب، ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، زنجیرەیەک چالاکی و ئاھەنگی بەخشینی شەڕەفی ئەندامێتی لە سنووری قەزای ئامێدی بەڕێوەچوون، لە دوایین چالاکیشدا لە شارەدێی شیلادزێ، شەڕەفی ئەندامێتی بەخشرایە ٦٦٣ ھاووڵاتیی ناوچەکە.

​لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەھرام عەریف یاسین، بەرپرسی لقی ١٨ی ئامێدی ڕایگەیاند، "پارتی ھەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردن بووە لە خاک و نیشتمان و مافەکانی خەڵکی کوردستان، ھەر ئەمەش وایکردووە کە ھاووڵاتییان بەردەوام بە جۆش و خڕۆشەوە داوای ئەندامبوون لە ڕیزەکانی پارتیدا بکەن."

​بەرپرسی لقی ١٨ی ئامێدی ئاماژەی بە مێژووی پڕ لە سەروەریی پارتی کرد و گوتی، "لە سەرەتای دروستبوونی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی و دامەزراندنی پارتیمانەوە، جەماوەرەکەمان تووشی چەندین ئاوارەیی، دەربەدەری و نەھامەتی بوونەتەوە، بەڵام ھیچ جۆرە دژایەتییەک نەبووەتە ھۆی ئەوەی دەست لە ئیرادە و ئامانجە ڕەواکانمان ھەڵبگرین، جەختیشی کردەوە کە ئەگەرچی پارتی بەھۆی ھەڵوێستە نەتەوەییەکانییەوە بەردەوام لەژێر ئامانجی داگیرکەراندایە، بەڵام ھیچ ھێز و وڵاتێک ناتوانێت ئیرادەی ڕەوای گەلی کوردستان بشکێنێت.

​سەبارەت بە بەخشینی شەڕەفی ئەندامێتی بە کادیر و لایەنگرانی نوێ، بەھرام عەریف ڕوونی کردەوە کە جگە لە مەراسیمەکەی شارەدێی شیلادزێ، لە ڕۆژانی ڕابردووشدا لە سنووری ناحیەکانی دێرەلۆک، سەرسنگ و سەرجەم لیژنە ناوچەکانی دیکەی سنوورەکە، شەرەفی ئەندامێتی بەخشرایە سەدان ھەڤاڵی نوێ، کە ئەمەش بۆ ھەموو لایەک جێگەی شانازییەکی گەورەیە.

​لە کۆتاییدا بەرپرسی لقی ١٨ی ئامێدی دووپاتی کردەوە کە دەرگای بارەگا و ئۆرگانەکانی پارتی بەردەوام واڵایە بۆ ھاووڵاتییان و گوتی، "خەڵکی کوردستان بارەگاکانی پارتی بە ماڵی خۆیان دەزانن. بەپێی ڕێنمایی و فەرمانی سەرۆک بارزانی، ئەرکی سەرەکیی ئێمە وەک ئۆرگان و کادیرانی پارتی، تەنیا و تەنیا خزمەتکردنی ھاووڵاتییان و گەلەکەی خۆمانە."

قائید میرۆ