Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی پشتیوانی خۆی بۆ مەڵبەندی ساداتی پیرخدری شاهۆ دووپات دەکاتەوە

سلێمانی-KDP.info- عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - هەڵەبجە - ڕاپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەختی لەسەر ڕۆڵی مێژوویی و کاریگەریی پیاوانی ئاینی و بنەماڵەی شێخانی تەریقەت لە چارەسەرکردنی ئاریشە کۆمەڵایەتییەکاندا کردەوە، ڕاشیگەیاند، سەرۆک مەسعود بارزانی و پارتی هەمیشە بە بایەخێکی گەورەوە تەماشای پێگەی بنەماڵە و کەسایەتییە دیارەکانی کۆمەڵگە دەکەن.
​ئەمڕۆ دووشەممە، ٣١ی ئابی ٢٠٢٦، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی، بە ئامادەبوونی ساناو فەرەیدوون جوانڕۆیی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی مەکتەب، پێشوازییان لە سەرۆک و ئەندامانی مەڵبەندی ساداتی پیرخدری شاهۆ کرد.
​لە دیدارەکەدا، عەلی حوسێن وێڕای بەخێرهێنانی گەرمی شاندی میوان، تیشکی خستە سەر پێگە و هەوڵەکانی مەڵبەند و بنکە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوەندە جڤاکییەکاندا و ئاماژەی بەوە کرد، ڕۆڵی بنەماڵە کەسایەتییە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان لە ناوچەکەدا کارا و بەرچاوە لە پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و چارەسەرکردنی گرفتەکان.
​جەختیشی کردەوە کە مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی - هەڵەبجە - ڕاپەڕین بەردەوام هاوکار و هەماهەنگ دەبێت لەگەڵ مەڵبەندی ساداتی پیرخدری شاهۆ، بە مەبەستی پشتیوانیکردنی چالاکی و کارەکانیان لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری ناوچەکە.
​لە بەرامبەردا، شاندی میوان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ گەرمیی پێشوازییەکە و پشتیوانییە بەردەوامەکانی بەرپرسی مەکتەب و هەڤاڵانی دەربڕی. هەروەها بەوردی پوختەیەکیان لەسەر کار، چالاکی و ئامانجە جۆراوجۆرەکانی مەڵبەندەکەیان پێشکەش کرد کە بە ئامانجی خزمەتکردنی گشتیی کۆمەڵگە و بەبێ جیاوازی ئەنجامی دەدەن.