Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوەبەری پۆلیس بۆ KDP.info: پەیوەندی پۆلیس و هاووڵاتیان لە پەرەسەندنی بەردەوامدایە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ڕاهێنانی ئەفسەران و کارمەندانمان لە بواری یاسا، تەکنەلۆژیا و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ هاووڵاتیان، کاری زۆر باشی لەسەر کراوە و بەردەوامیش دەبین. دووپاتیشی دەکاتەوە، ئەو کەسانەی گومان لە بەشدارییان لە تاواندا هەیە، دەخرێنە بەردەم دادگا.

عەمید کامل بەرزنجی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، دۆخی ئەمنیی هەولێری پایتەخت بە گشتی جێی متمانەی هاووڵاتیانە و بەردەوامیش هەوڵ دەدەین ئاستی سەقامگیریی ئەمنی و ئارامی، زیاتر بەرز بکەینەوە.

دەشڵێ، پۆلیس بە پلانی ئەمنی و چاودێریی بەردەوام لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی دیکە و کۆی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، کاری زیاتر بۆ پاراستنی ژیان و سامانی گشتی و تایبەتی و ئاسایشی تێکڕای هاووڵاتیان دەکات.

سەبارەت بە هەنگاوە کردارییەکانیان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبار و تاوانباران، عەمید کامل جەخت دەکاتەوە، تیمەکانی پۆلیس بە پشتبەستن بە زانیاری و بەدواداچوونی ورد، بەردەوام بەدوای ناسنامەی تۆمەتبار و تاوانباراندا دەگەڕێن و هەموو کەیسێکیش بە شێوەی یاسایی لێکۆڵینەوەی بۆ دەکرێت و ئەو کەسانەی گومان لە بەشدارییان لە تاواندا هەیە، بە پڕۆسەیەکی یاسایی تەواو ڕوون و شەفاف، دەخرێنە بەردەم دادگا.

ئەوەش دەخاتە ڕوو، زۆر گرینگە پەیوەندییەکی تۆکمەی دوولایەنە لە نێوان پۆلیس و هاووڵاتیاندا هەبێت، کە خۆشبەختانە ئەم پەیوەندییە لە پەرەسەندنی بەردەوامدایە، بێگومان هاوکاری و ئاگادارکردنەوەی پۆلیسیش لەلایەن هاووڵاتیانەوە، یارمەتیدەرێکی سەرەکییە بۆ ڕێگریکردن لە تاوان و دۆزینەوەی تۆمەتباران.

لەبارەی پەرەسەندنی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانەوە، کە پۆلیس چۆن خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانە ئامادە کردووە، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، تاوانی ئەلیکترۆنی بووەتە یەکێک لە بابەتە گرینگەکانی جێی هەڵوەستەی دەزگا و دامەزراوە میرییەکان لە تەواوی جیهاندا بە گشتی، بۆیە گرنگی بە ڕاهێنانی هێزەکان، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و هاوکاری لەگەڵ لایەنە پسپۆڕەکان دەدەین، بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەکی خێرا و پیشەیی مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە تاوانانەدا بکەین.

پەیوەست بە ڕاهێنان و پەرەپێدانی توانای ئەفسەران و کارمەندنی پۆلیس، کە تا چەند کاریگەری لەسەر باشترکردنی ئەنجامی کارەکانیان هەیە، عەمید کامل دەڵێ، ڕاهێنانی بەردەوام گرنگە، چونکە شێوازی تاوان و پێداویستییە ئەمنییەکان بەردەوام دەگۆڕێن، لەبەر ئەوە، توانای ئەفسەران و کارمەندانمان لە بواری یاسا، تەکنەلۆژیا و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ هاووڵاتیان، کاری زۆر باشی لەسەر کراوە و بەردەوامیش دەبین.

بەرزنجی لە كۆتایی لێدوانەكەی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دڵنیایی دا، پۆلیس بەردەوام لە خزمەت هاووڵاتیاندایە و پاراستنی دۆخی تەناهی و ئارامیی کۆمەڵگە، ئەرکی سەرەکیمانە، لە هەمان کاتیشدا داوا لە هاووڵاتیان دەکەین بەردەوام هاوکاری پۆلیس بن و هەر حاڵەتێکی گومانلێکراو یان نایاسایی و نائاساییان بینی، دەستبەجێ پەیوەندی بە پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانەوە بکەن، چونکە پاراستنی سەقامگیریی کۆمەڵگە، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی نێوان هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتیانە.

 

ئومێد بابان