Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گەنجانی دەڤەری بارزان بۆ KDP.info: ژینگەپارێزی لای ئێمە بووەتە نەریت و شێوازی ژیان

بارزان-KDP.info- گوندنشینان و دانیشتووانی دەڤەری بارزان، پاراستنی سروشت و ژینگەی دەڤەرەکەیان تەنیا وەک ئەرکێکی یاسایی نابینن، بەڵکو کردوویانەتە نەریت، بڕوا و شێوازی ژیانی ڕۆژانەیان. بەجۆرێک، پاراستنی دارستانەکان، سەرچاوەکانی ئاو و ئاژەڵە کێوییەکان بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە کلتووری خەڵکی ناوچەکە.

لەو بارەیەوە سالیحە جبڕەئیل، دانیشتووی دەڤەری بارزان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتی، "دەڤەری بارزان ناوچەیەکی سروشتیی ناوازەیە کە بە دارستان، چیا، سەوزایی و گیاندارە کێوییەکان دەورەدراوە. ئێمە پاراستنی ئەم سروشتە بە ئەرکی سەرەکیمان دەزانین، لە ڕێگەی بەرگری لە بڕین و سووتاندنی دارەکان، ڕێگریکردن لە پیسکردنی ژینگە و فڕێدانی زبڵ. هاوكات خەڵکی ناوچەکە ڕاوکردنیان بە تەواوی ڕاگرتووە و هێلانە و شوێنی حەوانەوەی ئاژەڵەکان دەپارێزن. ئەم هۆشیارییە بەردەوامە و گیانی هاوکاریی لە نێوان هاووڵاتییاندا بەهێزتر کردووە."

لای خۆشیەوە، ڕەوەند حەسەن، هاووڵاتییەکی تری دەڤەرەکە، ئاماژەی بە ڕەگی مێژوویی ئەم نەریتە کرد و گوتی، "ڕۆحی ژینگەدۆستی لە دەڤەری بارزان دەگەڕێتەوە بۆ ڕێنمایی و ڕێبازەکانی خوالێخۆشبووان (شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و شێخ ئەحمەدی بارزانی)، کە پارێزەری سەرسەختی ژینگە بوون. ئەمڕۆش بە سووربوونی کابینەی نۆیەم و هەوڵەکانی مەلا مستەفا بارزانی و پابەندیی خەڵکەکە، ئەنجامە ئەرێنییەکان ڕوون دیارن، بەجۆرێک، ئاژەڵە کێوییەکان و بگرە دڕەندەکانیش بێ ترس دێنە نێو گوندەکان و لەلایەن خەڵکەوە خواردنیان پێ دەدرێت."

ڕەوەند تیشکی خستە سەر هەماهەنگیی دامەزراوەیی و ڕوونی کردەوە کە بە هەماهەنگیی نێوان قائیمقامیەتی مێرگەسۆر و نووسینگەی مەلا مستەفا بارزانی، ئاسانکاریی گەورە بۆ ئاژەڵان کراوە، لەوانە دروستکردنی ڕێگەی تایبەت بە هاتوچۆی گیانداران، بۆتی ئاوخواردنەوە و پاراستنی حەوانگەکانیان، کە بارزانیان کردووەتە نموونەیەکی درەوشاوەی ژینگەپارێزی لە سەرانسەری کوردستاندا.

هاوكات شیپەل فەرهاد، دانیشتووی گوندێکی تری دەڤەرەکە گوتی، "سروشتی پاکی بارزان سامانێکی گرانبەهایە و بە میرات بۆ نەوەکانی داهاتوو دەمێنێتەوە. ناوبراو جەختی کردەوە، "خەڵکی بارزان کەشێکی ئارامیان بۆ گیانداران ڕەخساندووە تا بە ئازادی و بێترس بژین. جێگەی شانازیی گەورەیە بۆ ئێمە کە توانیومانە بەبێ گەڕانەوە بۆ سزا و یاسا توندەکان، ژینگەپارێزی ببه‌ینه‌ ئاستی نەریت و پەیوەندییەکی ئەوەندە جوان لەگەڵ سروشتدا بنیات بنێین."

 

ئەژین غەفار