Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ژینگەی سۆران بۆ KDP.info: پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەم ژینگە و ژیانی ئاژەڵ و باڵندە کێویەكانی بووژاندووەتەوە

سۆران-KDP.info- بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران ئاشکرای دەکات کە لەم ساڵانەی دواییدا زیادبوون و گەڕانەوەی ئەرێنیی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان لە سنووری ئیدارەی سۆران بەدی دەکرێت. هاوکات جەخت دەکاتەوە کە پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەت لە ڕێگەی دروستکردنی بەنداو و پۆندەکانەوە، ئاژەڵە کێوییەکانی لە مەترسیی تێنوویەتیی وەرزەکانی وشکەساڵ و هاوین ڕزگار کردووە.

هەژار ماهر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "لە ماوەی ڕابردوودا سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران شاهێدی زیادبوون و گەڕانەوەی جۆرەها ئاژەڵ و باڵندەی کێوی بووە، لەوانە بزنەکێوی و کەو. ئەمەش بە پلەی یەکەم بۆ جوگرافیا و تۆپۆگرافیای سەخت و چیا بەرزەکانی وەک هەڵگورد، برادۆست و سەفین دەگەڕێتەوە کە بوونەتە پەناگەیەکی ئەمن و سروشتی بۆ ژیانی کێوی."

دەشڵێت، "هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان فەرمانگەی ژینگە و پۆلیسی دارستان و ژینگە لە ڕێگەی توندکردنەوەی چاودێری و ڕێکارە یاساییەکانەوە، ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە کەمبوونەوەی بەرچاوی ڕاوی نایاسایی. لەلایەکی دیکەشەوە، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان و بووژاندنەوەی کانییەکان، بە دابینکردنی ئاوی پێویست لە وەرزە وشکەکاندا یارمەتیدەرێکی گەورەی مانەوەی ئاژەڵەکان بوون لە ناوچەکەدا."

لەبارەی کاریگەریی یاسا لە هۆشیارکردنەوە و پابەندکردنی هاووڵاتییاندا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران ڕوونی کردەوە، "یاسا و ڕێنماییە ژینگەیییەکان وایانکردووە کۆمەڵگە زیاتر لە مەترسییەکانی لەناوبردنی ئاژەڵ و باڵندەکان تێبگات، زیاتر لەوەش، ڕاگەیاندنی قەدەغەکردنی ڕاو لە وەرزی زاوزێ و هێلکەکردندا، ڕۆڵێکی گرنگی لە پاراستن و گەشەکردنی ژینگەی ناوچەکەدا بینیوە."

هەژار ماهر تیشکی خستە سەر ناوچە پارێزراوەکان و گوتی، "لە عێراقدا نزیکەی ٨٠ شوێن وەک ناوچەی پارێزراو دیاری کراون، کە ٤٥ شوێنیان دەکەونە هەرێمی کوردستان و دەیان شوێنیشیان لە سنووری ئیدارەی سۆرانن. تۆمارکردنی شوێنەکانی وەک هەڵگورد-سەکران و ناوچەی پارێزراوی بارزان لەلایەن ڕێکخراوی جیهانیی IUCNـەوە مایەی خۆشحاڵییە و دەیانخاتە ژێر پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی پاراستنی ژینگە."

 

ئەژین غەفار